گه‌نجێك له هیندستان ژنه‌كه‌ی خۆی ده‌فرۆشێت
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی هیندستان له له ویلایه‌تی "ئۆدیشا" گه‌نجێكیان ده‌ستگیركرد، كه به‌وه تۆمه‌تبار كراوه، ژنه‌كه‌ی خۆی به پیاوێكی ته‌مه‌ن 55 ساڵی فرۆشتووه و له به‌رامبه‌ردا 180 هه‌زار روپیه‌ی هیندی وه‌رگرتووه، كه ده‌كاته 2400 دۆلار.
رۆژنامه‌ی "ئیندیا توده‌ی" بڵاویكرده‌وه، پۆلیسی ویلایه‌تی "ئۆدیشا" توانیویانه ئافره‌تێك رزگار بكه‌ن، كه هاوسه‌ره‌كه‌ی له ویلایه‌تی "راجستان"ی باكووری رۆژئاوای هیندستان به پیاوێكی به ته‌مه‌نی فرۆشتووه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد‌ووه، كه تۆمه‌تباره‌كه ناوی "راجیش رانا"یه و خه‌ڵكی گوندی "سولیكیلا"ی ناوچه‌ی "بولانجیر"ه له ویلایه‌تی "ئۆدیشا"، ماوه‌ی دوو مانگه له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك هاوسه‌رگیری كرد‌ووه.
پۆلۆ مۆندا، به‌رپرسی بنكه‌ی پۆلیسی بیلبادا ئاشكرای كرد، ئه‌و تۆمه‌تباره له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ئافره‌ته‌كه‌ی ناسیووه، دواتر گفتوگۆكانیان بۆ دڵداری گۆڕاوه، دوای رازیبوونی بنه‌ماڵه‌ی هه‌ردوولا، به‌پێی نه‌ریتی ناوچه‌كه هاوسه‌رگیرییان كرد‌ووه.
له مانگی ئابی رابردوودا ئه‌و دوو هاوسه‌ره بۆ كاركردن له كوره‌یه‌كی خشت درووستكردن چوونه ویلایه‌تی "راجستان"، به‌رپرسه‌كه‌ی پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تۆمه‌تباره‌كه دوای چه‌ند رۆژێك كه كاره‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه، هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی به پیاوێكی ته‌مه‌ن 55 ساڵی فرۆشتووه له‌و ناوچه‌یه.
گوتیشی: دوای فرۆشتنی ژنه‌كه‌ی خۆی، "راجیش" پاره‌كه‌ی له كڕینی خواردن خه‌رج كرد‌ووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش مۆبایلێكی زیره‌كی پێكڕیوه، دواتر په‌یوه‌ندی به خه‌زووری كرد‌ووه و پێڕاگه‌یاندووه، كه كچه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پیاوێكدا هه‌ڵاتووه.
به‌رپرسه‌كه‌ی پۆلیس روونیكرده‌وه، بنه‌ماڵه‌ی ئافره‌ته‌كه بڕوایان به قسه‌ی زاواكه‌یان نه‌كردووه و سكاڵایان له‌لای پۆلیس تۆماركردووه، دوای ئه‌وه‌ش پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ی له رووداوه‌كه كرد‌ووه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پۆلیس توانیویه‌تی ئافره‌ته‌كه رزگاربكات و بیگه‌ڕێنێته‌وه لای بنه‌ماڵه‌كه‌ی، تۆمه‌تباره‌كه‌ش له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركراوه.