واشنتن سیستمی به‌رگری ئاسمانی سعوودیه به‌هێز ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ئەمەریکا گرێبەستێکی (650) ملیۆن دۆلاری په‌سند كرد، بۆ فرۆشتنی مووشەکی ئاسمانی بە سعوودیە، ئەمەش بۆ یارمەتیدانی ئه‌و وڵاته لە بەرگریکردن لە خۆی، دژی فڕۆکە درۆنه‌كانی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن، كه ئێران پێیداون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگه‌یاند، فرۆشتنی مووشەک به سعوودیه له سه‌ر داوای ئیداره‌ی بایدندا بووه، بۆ دۆزینەوەی رێگه‌چارەیه‌ك بۆ شەڕی یەمەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راشیگه‌یاند، سعوودیەکان پێشتر توانیویانە ئەو موشەکانە له دژی فڕۆکە درۆنه‌كان بەکاربهێنن کە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی سعوودیە و ئەمەریکا لە ناوچه‌كه‌دا، زۆرینەی ئەو هەڕەشانە لە یەمەنەوە بوون.
روونیكرده‌وه، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هێرشەکان بۆ سەر سعوودیە لە دیوی یه‌مه‌نه‌وه زیادییانکردووە.
سعوودیە سه‌رۆكایه‌تی هاوپەیمانێتیەک لە شەڕی یەمەندا دژی حوسییەکان دەکات، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایه ئێرانیەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆجیای درۆنیان داوە بە یەمەنییەکان.
ئەم گرێبەستە لە کاتێکدایە ئیداره‌ی جۆ بایدن بە هه‌شیارییه‌وه مامەڵە لەگەڵ پاڵپشتیكردنی سعوودیەدا دەکات، ئەمەش بەهۆی نیگەرانیەکانی ئەمەریکاوە سەبارەت بە پلانه توندەکەی سعوودیە بەرامبەر حوسییەکان و هەروەها پێشێلکارییەکانی لە مافەکانی مرۆڤدا.
گوتی: ئەم هه‌نگاوه ڕێگە لە بەردەم سعوودیەدا خۆش دەکات تاوەکو نزیکەی 280 مووشەکی مەودا ناوەندی جۆری aim-120C بکڕێت و موشەکەکان بۆ ئامانجەکانی سەر زەوی بەکارنایەن.
فرانس پرێس