وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق: لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی هه‌وڵی تیرۆركردنی كازمی ده‌ستیپێكرد
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به 3 درۆن بووه، كه هێزه عێراقییه‌كان توانیان دوو فڕۆكه‌ی درۆن بخه‌نه خواره‌وه.
لیوا سه‌عد مه‌عن، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند، هێرشكردنه سه‌ر ماڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كارێكی ره‌تكراوه و تیرۆریستییه.
راشیگه‌یاند، هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له رێگه‌ی 3 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان بووه، هێزه عێراقییه‌كان دوو فڕۆكه‌یان خستووه‌ته خواره‌وه، یه‌كێكیشیان به‌ماڵه‌كه‌ی كازمیدا ته‌قییه‌وه.
روونیكرده‌وه، كازمی هیچ زیانێكی پێنه‌گه‌یشتووه، ته‌نیا ژماره‌یه‌ك پاسه‌وان نه‌بێت كه به سووكی بریندار بوونه و له ئێستادا چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرن.
ئاماژه‌یپێكرد، لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئه‌م دۆسییه‌یه‌دا ده‌ستیپێكردووه، بۆ ئه‌مه تیمێكی تایبه‌ت دیاریكرا بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه، له رێگه‌ی به‌كارهێنانی كامێراكانی چاودێری.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له ناوچه‌ی سه‌وز له به‌غدا له رێگه‌ی درۆنه‌وه هێرشكرایه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی راشیگه‌یاند، له رێگه‌ی درۆنه‌وه، هێرشكرایه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ده‌ره‌نجام سه‌رۆك وه‌زیران هیچ زیانێكی به‌رنه‌كه‌وت و له ئێستادا ته‌ندروستی زۆر باشه، سه‌باره‌ت به‌م هێرشه‌ش، لایه‌نه ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كردووه.
كاتژمێره‌كانی دوای نیوه‌شه‌و بۆ به‌ره‌به‌یانی 7ی تشرینی یه‌كه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021، به دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا هێرشكرایه سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا هه‌واڵی برینداربوونی بڵاوكرایه‌وه، به‌ڵام دواتر خۆی و شانه‌ی ئه‌منی عێراقیش برینداربوونی كازمییان ره‌تكرده‌وه.
شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا رایگه‌یاند، هێرشه‌كه به دوو فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بووه.
مسته‌فا كازمی له تویتێكدا وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی خۆی راگه‌یاندووه، دووپاتی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، ئه‌و به‌رده‌وام پرۆژه‌یه‌كی فیداكاری بووه بۆ عێراق و ئه‌و هێرشانه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رۆڵی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی سه‌قامگیری وڵات نابێت، هاوكات داوای دان به‌خۆداگرتن له هه‌موو لایه‌ك ده‌كات.
په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا راشیگه‌یاند، باس له برینداربوونی ژماره‌یه‌ك پاسه‌وانی مسته‌فا كازمی ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا هیچ ئامارێكی ورد له باره‌یه‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه و هیچ كه‌سێكیش له‌سه‌ر برینداربوونی پاسه‌وانان لێدوانی نه‌داوه.