كابینه‌ی نۆیه‌م ژینگه به "گەورەترین سەرمایەی هه‌رێم" وه‌سف ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
ژینگەی هەرێمی كوردستان، تا بەر لە دەستبەركاربوونی كابینەی نۆیەم، سەرەڕای هەبوونی دەستە و دامەزراوەی تایبەت، لە دۆخێكی خراپ‌دا بوو، هەوڵەكانی چاككردن و پارستنی ژینگە بێ ئاكام بوون.
بوونی پاڵاوگه‌ی زۆری نایاسایی، سووتاندنی زبڵخانه‌كان به گشتی و به تایبه‌ت له هه‌ولێر، ببوونه هۆی پیسبوونی ژینگه به رێژه‌یه‌كی به‌رز، وێڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی بۆنی ناخۆش له پایته‌خت، له‌كاتێكدا گرێبه‌سته‌كان ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو بوون و تێیاندا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی و سرووشت و ژینگه و ژێرخانی ژینگه‌یی له هه‌رێمی كوردستان نه‌كرابوو.
له كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تدا، ژینگه‌ی كوردستان به گەورەترین سەرمایەی هه‌رێم وه‌سفكراوه و كاركردن بۆ ئه‌و پرسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌بێت، ئه‌ویش به دانان و به‌كارخستنی سیسته‌می پێشكه‌وتووی ریسایكلین و چاره‌سه‌ری زبڵ و خاشاك و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه ژینگه‌ییه‌كان.
داخستنی پاڵاوگه نایاساییه‌كان
به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی رێنماییه ژینگه‌ییه‌كان و كاركردن له ده‌ره‌وه‌ی بڕیار و رێنماییه رێگه‌پێدراوه‌كان، تا ئێستا ژماره‌یه‌ك پاڵاوگه‌ی نایاسایی له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان داخراون، كه به گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان تا ئێستا (40) پاڵاوگه داخراون، كه سه‌ره‌ڕای ساخته‌كردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كوالیتی به‌رهه‌مه‌كان، گازێكی زۆریشیان ده‌رده‌دا، كه هه‌م بۆنێكی ناخۆشی هه‌بوو، هه‌میش ژینگه‌یان پیسكردووه، ئه‌وه وێڕای كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كان بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ.
ئاسۆ شكاك، سه‌رۆكی رێكخراوی ئاڤیاری ژینگه‌یی به كوردستان24ی راگه‌یاند، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له كابینه‌ی نۆیه‌م له پرسی ژینگه گیراونه‌ته‌به‌ر، ده‌رخه‌ری پێداگری كابینه‌كه‌یه له‌سه‌ر چاككردن و پاراستنی ژینگه، وه‌ك خستنه ته‌نده‌ری زبڵخانه‌كان، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه كانی قرژاڵه.
سه‌رۆکی رێكخراوی ئاڤیاری ژینگه‌یی روونیشی كرده‌وه، كه پێشتر زبڵ به شێوازی كلاسیك چاره‌سه‌ر ده‌كران، واتا زبڵه‌كه ژێرخاك ده‌خرا و نه‌ده‌توانرا ریسایكل بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه و خراوه‌ته ته‌نده‌ر، جێگه‌ی دڵخۆشییه كه ده‌توانرێت دووباره به‌شێكیان به‌كاربهێنرێنه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ندێك له‌و بڕیار و رێنماییه نوێیانه‌ی تایبه‌ت به ژینگه له كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌رچوونه گرنگن، وه‌ك دووباره له فلته‌ردانه‌وه‌ی كارگه و پڕۆژه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی پێشتر به‌و مه‌رجه ژینگه‌ییانه‌دا تێپه‌ڕنه‌بوونه و مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، له سه‌رووی هه‌موویان پاڵاوگه نایاساییه‌كان، كه به‌شێكیان داخراون.
ئەوەشی دووپاتکردەوە، ئێستا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان بۆ سه‌وزكردنی شاره‌كان ده‌ستیپێكردووه، دامه‌زراندنی كارگه‌ری ریسایكلین، كه خراوه‌ته ته‌نده‌ر له هه‌ولێر و سۆران، كاریگه‌ریی گرنگیان ده‌بێت له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه، كه له بنه‌ڕه‌تیشدا یه‌كێكه له خاڵه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م، به‌و جۆره‌ش كابینه‌كه له ئاست ئه‌و پرسه‌ش به‌ڵێنه‌كانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.

چاره‌سه‌ركردنی سووتاندنی غاز
كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز، له رێگه‌ی سووتاندنی بڕێك غاز، گازێكی زۆریان ده‌خسته ناو ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له كاتێكدا هیچ رێكارێكی یاسایی له گرێبه‌سته‌كانیاندا نه‌كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌وه بكرێت، به‌ڵام له كابینه‌ی نۆیه‌مدا، پێداچوونه‌وه به‌و لایه‌نه‌دا كراوه كه به ره‌چاوكردنی لایه‌نی ژینگه، چاره‌سه‌ری ئه‌وه بكرێت چیدیكه ئه‌و غازه نه‌سووتێت و به شێوازێكی دیكه چاره‌سه‌ر بكرێت.
بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێنمایی نوێی ده‌ركردووه، كه ده‌بێت به‌جۆرێكی دیكه سوود له‌و غازه وه‌ربگیرێت، له بری ئه‌وه‌ی بسووتێنرێت و ببێته هۆی پیسبوونی ژینگه، ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی وزه، له‌م چوارچێوه‌یه‌ش ئه‌و غازه بۆ ژماره‌یه‌ك وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به بۆری راكێشراوه و كاره‌بای پێ به‌رهه‌مده‌هێنرێت.
رێكخستنه‌وه‌ی كاری كۆمپانیاكانی زبڵ و خاشاك
گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە مەرجەكانی ئەو گرێبەستانە كراوە بە شێوەیەك لە قازانجی ژینگەی كوردستان بێت، بۆ پاككردنه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی زبڵی ناوشاره‌كان، پێشتر گرێبه‌ست و ته‌نده‌ره‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی كۆمپانیاكان بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، پێداچوونه‌وه به سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كاندا كران، به‌شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت، نه‌ك كه‌س و كۆمپانیا.
رۆژانه (7200) تۆن زبڵ و خاشاك كۆده‌كرێته‌وه و دواتریش له ده‌ره‌وه‌ی شار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ته‌نیا له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا زیاتر له 300 ملیار دینار بۆ ئه‌و پرسه خه‌رج كراوه، ئه‌ویش له رێگه‌ی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ 32 كۆمپانیای ئه‌و بواره.

كارگه‌ی ریسایكلین
به گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، وێڕای پێداچوونه‌وه به مه‌رجی ئه‌و ئامێرانه‌ی به‌كارده‌هێنرێت، پێداچوونه‌وه به لایه‌نی دارایی و بڕی تێچووی گرێبه‌سته‌كانیش كراوه، كه دوای پێداچوونه‌وه، بڕی 10%ی كه‌مكراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بودجه‌یه‌كی زۆری گه‌ڕاندووه‌ته خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت.
ئێستا سێ كارگه‌ی گه‌وره‌ی جیاكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی زبڵ و خاشاك له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش بریتین له: كارگه‌ی كواشی له دهۆك، توانای چاره‌سه‌ركردنی 600 تۆن زبڵی هه‌یه له رۆژێكدا.
كارگه‌ی دووه‌م به‌ناوی گه‌رده‌سین له ئاكرێ، له توانایدایه رۆژانه 250 تۆن زبڵ چاره‌سه‌ر بكات.
كارگه‌یه‌كی دیكه‌ی پێشكه‌وتوو و گه‌وره‌ش له سلێمانی هه‌یه، به‌ناوی كارگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی میكانیكیی بایلۆجی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی RDM لە سلێمانی كە دەتوانێت لە ڕۆژێكدا 1000 تۆن خاشاك چارەسەر بكات.
پێشتر ئه‌و زبڵ و خاشاكه له‌وێ ده‌سووتێنرا، كه ده‌بووه هۆی دوكه‌ڵێكی زۆر بۆ سه‌ر ئاسمانی هه‌رێم و بۆنێكی ناخۆشی بڵاوده‌كرده‌وه، به‌ڵام ئێستا شێوازی كاركردنه‌كه گۆڕاوه و چیدیكه رێگه به كۆمپانیاكان نادرێت ئه‌و كاره بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی گرفتی كۆمپانیاكانیش، ئێستا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ندین كۆمپانیای جیا كراوه، ئه‌وه‌ش به روونی له پاكوخاوێنی كۆڵان و شه‌قام و بازاڕه‌كان به‌دیده‌كرێت.
له پێناو زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزاییش، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات پشتێنه‌ی سه‌وزایی له شارەكان دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی فلته‌رێكی هه‌وا كار بكات و ژینگه له تۆز و خۆڵ و گازی دوانۆكسیدی كاربۆن پاك بكاته‌وه.
ئۆتۆمبێل و پرسی ژینگه
یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی پیسبوونی ژینگه، ئۆتۆمبێله، ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئۆتۆمبێلی كۆن كه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرا، به‌تایبه‌ت مۆدێل كۆنه‌كان، كه رێگه به چه‌ند كۆمپانیایه‌ك درابوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیانیان بۆ ژینگه هه‌بوو، قازانجه ماددییه‌كه‌شی بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو بوو.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پرسی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل جارێكی دیكه له كابینه‌ی نۆیه‌م رێكخرایه‌وه.
ئێستا ئۆتۆمبێله‌كان وێڕای مه‌رجی سه‌لامه‌تی، مه‌رجی ژینگه‌ییشیان ره‌چاو ده‌كرێت و رێگه به هاورده‌كردنی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه نادرێت كه ده‌بنه هۆی ده‌ردانی گازی ژه‌هراوی بۆ ناو ژینگه، ساڵانه‌ش پشكنینی تایبه‌ت به رێژه‌ی ده‌ردانی گازیان بۆ ده‌كرێت.
چاودێریكردنی پرۆژه و كارگه‌كان
له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، رێكخستنه‌وه و پێداچوونه‌وه بۆ زۆربه‌ی كارگه و پرۆژه پیشه‌سازییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كراون، ئه‌ویش به مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی لایه‌نی ژینگه‌یی، تا ئێستاش 2646 پرۆژه پشكنین و به‌دواداچوونیان بۆ كراوه.
به گوێره‌ی داتای ده‌سته‌ی چاككردن و پاراستنی ژینگه‌ش، ژماره‌یه‌ك كارگه و پرۆژه پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بوونه، بۆیه هه‌ندێكیان سزادراون، یان كه‌یسه‌كانیان له دادگایه، ژماره‌یه‌كیشیان به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكراوه‌ته‌وه، كه به‌م جۆره‌یه:
971 پرۆژه، كه‌یسه‌كانیان له دادگایه
145 پرۆژه به پێبژاردن سزادراون
1489 پرۆژه به‌ڵێننامه‌یان پێ بڕكراوه‌ته‌وه
هه‌ر به گوێره‌ی ئاماره‌كان، دوای ئه‌وه‌ی بڕیار و رێنماییه ژینگه‌ییه‌كان له كابینه‌ی نۆیه‌م، ژماره‌یه‌كی زۆر پرۆژه به‌هۆی ره‌چاونه‌كردن و جێبه‌جێنه‌كردنی رێنماییه نوێیه‌كان ره‌تكراونه‌ته‌وه، ژماره‌یان 6195 پرۆژه‌یه، به‌و پێیه‌ی له‌گه‌ڵ رێنماییه نوێیه‌كان ناگونجێن و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانیش زیان به ژینگه‌ی كوردستان ده‌گه‌یه‌نن.

هاوكات رێژه‌ی سه‌وزكردن به خاوه‌ن پرۆژه‌كان زیادكراوه و ئێستا گه‌یشتووه‌ته زیاتر له 500 هه‌زار مه‌تر دووجا، كه سه‌ره‌ڕای رێژه‌ی پێشووی سه‌وزایی زیادكراون.
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌میش، كۆی گشتی داهات و پێبژاردن بۆ خاوه‌ن پرۆژه‌كان، كه پابه‌ندی رێنماییه ژینگه‌ییه‌كان نه‌بوونه، گه‌یشتووه‌ته 384 ملیۆن و 251 هه‌زار و 237 دینار.
ئه‌و رێكارانه‌ش، سه‌رجه‌میان له چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، كه ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به سامانێكی گرنگی نیشتمانی وه‌سف ده‌كات.