رێكخراوەكان: ته‌نیا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌خه‌می كۆچبه‌راندایه‌

"دابەزینی نرخی نەوت  و شەڕی داعش كێشەی سیاسی تا كۆرۆنا و گێچەڵەكانی پەكەكە هۆكاری كۆچی گه‌نجانن"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

تا دێت دۆخی كۆچبەران لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا خراپتر دەبێت، ژیانیان دەكەوێتە مەترسیەوە كە بونەتە قوربانی كێشە سیاسیەكانی یەكێتی ئەوروپا و بێلاڕووس، لە نێوخۆی ھەرێمی كوردستانیش پرسی كۆچبەران كراوەتە كەرەستەیەكی دیكەی بانگەشە و موزایدەكردن بە سەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، كە ئەمە ھیچ لە ئازارەكانی ئەو كۆچبەرانە كەم ناكاتەوە، بگرە ھانی ھاووڵاتی دیكەش دەدەن كۆچ بكەن و  رووبەڕووی چارەنووسێكی نادیار ببنەوە.

ھێمن ساڵح پسپۆڕی كۆمەڵایەتی روونیكرده‌وه‌، كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر پرسی كۆچبه‌ران ده‌كرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی خه‌مه‌كانی ئه‌وان، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌ هۆكاره‌كانی كۆچكردن بكۆڵینه‌وه‌، ده‌بێت به‌ رێگایه‌كی زانستی ئه‌و كاره‌ بكه‌ین.

بارزان ئەكرەم مەنتك، سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومیەكان رایگه‌یاند، ته‌نیا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ خه‌می كۆچبه‌راندایه‌، لەساڵی 2014ـه‌وه‌ حكومەتی عێراق بوودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕیوە و لەگەڵ ئەوەشدا دابەزینی نرخی نەوت، شەری داعش، كێشەی سیاسی، كۆرۆنا، گێچەڵەكانی پەكەكە، داگیركردنی سەدان گوند و دواترش وشكە ساڵی، رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بووەتەوە و بەشێك لەم قەیرانانە لە رابردوو بۆ ئەم كابینەیە ماوه‌ته‌وه‌، كە ئەمانە بەشێكن لە ھۆكارەكانی كۆچكردن.

بەشێك لە ھۆكارەكانی بەردەوامی قەیرانەكان و موزایدەی سیاسییە، ئێستا ئازارەكانی كۆچبەرانیش كراوەتە كەرەستەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەكار دەھێندرێت، رێكخراوەكان و چالاكوانانیش دەڵێن تەنھا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەڵگری ئازارەكانی ئەوانە و لە ھەوڵی چارەسەری كێشەكانیاندایە، نەك ھاندانیان بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان و كەس و كاریان بخەنە مەترسی و رووبەڕووی چارەنووسی نادیار ببنەوە.