په‌رله‌مانتارێك: دەستبردن بۆ كورسی پێكھاتەكان ھێڵی سووره‌

"ده‌ستبردن بۆ كورسی پێكهاته‌كان قبووڵ نه‌كراوه‌"
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان 111 كورسیە و 100 كورسی بۆ لایەنە سیاسیەكانە و 11 بۆ پێكھاتەكانە، ئێستا لایەنەكان لە گفتوگۆی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستانن، بەشێك لە لایەنەكان جارێکیتر داوای كەمكردنەوەی كورسی پێكھاتەكان دەكەن.

سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی توركمان داوا ده‌كه‌ین كه‌ كورسی كۆتاكان نه‌بێته‌ هۆی ململانێی هێز و حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، بۆیه‌ ده‌ستبردن بۆ كورسی پێكهاته‌كان قبووڵ نه‌كراوه‌.

رۆبینە تیاری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رایگه‌یاند، له‌ په‌رله‌مان كورسی پێكهاته‌كان دابەشی سێ جۆر پێكهاته‌ كراون، 5 بۆ مەسیحیەكان و 5 بۆ توركمان و كورسیەكیش بۆ ئەرمەنەكان، بۆیه‌ دەستبردن بۆ كورسی پێكھاتەكان بە ھێڵی سوور دەزانین و لە ھیچ لایەنێكی قبوڵ ناكەن .

لایەنە سیاسیەكان لەم ھەفتەیە بۆچوونیان لەبارەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن دەگەرێننەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەشێكیان لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانن و بەشێكیشیان داوای كەمكردنەوەی كورسیەكانی پەرلەمان و پێكھاتەكان دەكەن، پێكھاتەكانیش ھەر پڕۆژەیەك رەتدەكەنەوە كە باس لە كەمكردنەوەی كورسیەكانیان بكات.