وەبەر‌‌هێنەرێک گەورەترین کارگە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوردستان دەکاتەوە

وەبەرهێنەرەکە سەدان هەلی کاری لە کوردستان رەخساندووە
یاسر محەمەد-ی وەبەرهێنەر لەگەڵ کرێکارەکانی لەکاتی کارکردن لە یەکێک لە کارگەکانی لە هەولێر
یاسر محەمەد-ی وەبەرهێنەر لەگەڵ کرێکارەکانی لەکاتی کارکردن لە یەکێک لە کارگەکانی لە هەولێر

K24 - هەولێر

وەبەرهێنەرێکی بیانی کە هەڵگری دوو رەگەزنامەیە، چەند کارگەیەکی دامەزراندوووەو بڕیاریشە گەورەترین کارگە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوردستان بکاتەوە، خاوەنکارەکە بریکارنامەی دوو کۆمپانیای ئەلەمنیومی یۆنانی و ئەڵمانی هەیە و دەڵێت، یاسای وەبەرهێنانی کوردستان کارئاسانی زۆری تێدایە بۆ وەبەرهێنان.

یاسر محەمەد، یەکێکە لە وەبەرهێنەرە بیانیانەی کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی و هۆڵەندییە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، چەند کارگەیەکی لە شارەکانی کوردستان دامەزراندووە و هەلی کاری بۆ سەدان گەنجانی ناوخۆش رەخساندووە، یاسر وەک خاوەنکارێک کوردستانی وەکو شوێنی سەرەکی کارو ژیان هەڵبژاردووە، کارگەکەشی بەستانداری جیهانی دامەزراندووە و کەلوپەلەکانیش لە ئەڵمانیا و یۆنانەوە هاوردە دەکات.

یاسر بە کوردستان24ی گوت: "من وەکو وەبەرهێنەرێک هەڵگری دوو رەگەزنامەم، بەڵام لە کوردستان کاردەکەم و  نیشتەجێم، لەبەر ئەوەی دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان زۆر لەبارەو هەروەها لەرووی وەبەرهێنانیشەوە گونجاوە، نزیکەی ساڵێکە دەستم بە وەبەرهێنان کردووە، تائێستاش کارەکانم زۆر بەباشی دەڕوات، هەر بۆیە بیرم لەوە کردووەتەوە کارگەی زیاتر بهێنمە کوردستان".

گوتیشی: "ئێستا خاوەنی دوو بریکاری جیهانیم، لەوانە ئاڵومیڵی یۆنانی و ئەڵوپلاست کە کۆمپانیایەکی ئەڵمانیە، ئەم دوو کۆمپانیا بۆ یەکەمجارە لە کوردستان کاردەکەن و کەرەستەکانیش بە کوالتییەکی زۆر بەرز دروست دەکرێن".

ئەو وەبەر‌هێنەرە پلانی هەیە شەش کارگەی گەورە لە کوردستان دابمەزرێنێت و پێداویستی ناوخۆ لە دەرگا و پەنجەرەو کەلوپەلەکانی دیکە بیناسازی پڕبکاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بارودۆخی ئەمنی و ئابووری کوردستان و ئەو کارئاسانیییەی بۆ بیانییەکان کردووە وەبەرهێنانەکەی فراوان بکات.

یاسر محەمەد، راشیگەیاند: "شەش پڕۆژەی نوێم کە پێکهاتوون لە کارگەی گەورە، لەرووی تەکنیکییەوە ئامادەکارییەکانمان تەواوکردووە، کوردستان گەنجی زۆر لێهاتووی هەیە و دەتوانن کاربکەن، بەم زووانەی گەورەترین کارگەی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوردستان دادەمەزرێنم، کە توانای هەیە هەفتانە زیاتر لە هەزار دەرگای دار و ئەلەمنیۆم بە کوالیتیەکی زۆر بەرز بخاتە بازاڕەوە، لەماوەی سێ تاوەکو شەش مانگی دیکە دەستپێدەکەین".

دۆخی سەقامگیری هەرێمی کوردستان وایکردووە، زۆر لە بیانییەکان بۆ کار و وەبەرهێنان رووی تێبکەن. هەنگاوی یەکەمی هاتنی بیانییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر دەستپێدەکات.

عەقید کامیل محەمەد، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی باسی لەوەکرد، هاتنی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی بیانی بۆ هەولێر بەردەوامە و دامەزراوەکانی حکومەتیش لە رێگەی خزمەتگوزارییەکانی، سەرنجی زیاتری بیانییەکانی راکێشاوە.

لەدوای ساڵی 2003 ژمارەیەکی زۆر لە خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە 2006ـەو تائێستا زیاتر لە 16 وڵات وەبەرهێنانیان لە کوردستان کردووەو نزیکەی 45 پڕۆژەیان هەیە و سەرمایەکانیشیان گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار.