دوو هه‌فته‌یه ئاماری كۆرۆنا له رۆژئاوای كوردستان بڵاوناكرێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی ته‌ندروستی له رۆژئاوای كوردستان رایگه‌یاند، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه كه‌ره‌سته‌كانی پشكنینی كۆرۆنا له رۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆسه‌ر نه‌ماوه و پشكنین بۆ تووشبووان ناكرێت.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، له 10ی ئه‌م مانگه‌وه هیچ ئامارێكی نوێی كۆرۆنا له رۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆسه‌ر بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، ئێستا نازانرێت ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا چه‌نده، له‌كاتێكدا له دوایین ئامار 36 هه‌زار و 960 تووشبووی كۆرۆنا تۆماركرابوون.
نێچیرڤان سلێمان، به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئاماری ده‌سته‌ی ته‌ندروستی له ئیداره‌ی خۆسه‌ر ئاشكرایكرد، ئاماره‌كانی كۆرۆنا له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه وه‌ستاوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنامان نه‌ماوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تووشبووی نوێی كۆرۆنا هه‌یه، به‌ڵام تاقیگه‌كانمان توانای كاركردنی نییه، بۆیه ژماره‌ی تووشبووان نازانین.
ناوچه‌كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به یه‌ك تاقیگه‌ی پشكنینی كۆرۆنا ده‌به‌ستێت، كه له شاری قامیشلۆیه، به‌ڵام له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه كه‌ره‌سته‌ی پێویستی بۆ دابین ناكرێت.
به‌رپرسانی ته‌ندرستی له رۆژئاوای كوردستان پێشتر رایانگه‌یاندبوو، له هه‌رێمی كوردستانه‌وه هاوكارییه پزیشكییه‌كانیان پێده‌گات، به‌ڵام له‌لایه‌ن دیمه‌شق و رێخراوی ته‌ندرستی جیهانییه‌وه هاوكاری ناكرێن.
هه‌رچه‌نده ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له رۆژئاوای كوردستان به‌رزبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی پێویست نه‌خۆشخانه‌كان به ته‌واوه‌تی داخراون.