عەلاوی داوایەک لە پلاسخارت دەکات

"سکاڵامان گەیاندووەتە لای سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان"
ئەیاد عەلاوی - جێنین پلاسخارت
ئەیاد عەلاوی - جێنین پلاسخارت

K24 - هەولێر

ئەیاد عەلاوی، داوا لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووکان دەکات دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا نەکات. ئاشکراشی دەکات دژی پلاسخارت، سکاڵایان گەیاندووەتە لای سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، داوای لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووکان کرد، دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا نەکات، لەبری ئەوە بایەخ بە کێشەی ئاوارەکان و هاوکاریکردنی عێراق، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان بدات.

عەلاوی نووسیویەتی "بەهۆی هەڵسوکەوت و دەستێوەردانەکانی پلاسخارت، چەندین جار سکاڵامان گەیاندووەتە لای سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان".

ئەمە لەکاتێکدایە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەشێک لە هێزە میلشیاکان کە رازی نین بە ئەنجامەکان هەڕەشە لە پلاسخارت دەکەن.