عێراق 18 ملیۆن ژەمی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا هاوردە دەکات

تەندروستی عێراق هەوڵی گرێبەستی نوێ دەدات
گەیشتنی ڤاکسین بۆ عێراق - ئەرشیف
گەیشتنی ڤاکسین بۆ عێراق - ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی عێراق، گرێبەستی نوێ دەکات، بۆ هاوردەکردنی 18 ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا.

عەلی حەسەن بەلداوی، بەڕێوبەری گشتی بازاڕکردنی دەرمان و پێدوایستیە پزیشکییەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پلانیان هەیە گرێبەستی نوێ بكەن لەگەڵ كۆمپانیاكانی فایزەر، سینافارم و كۆڤاكس، بۆ هاوردەکردنی 18 ملیۆن ژەمی دیکەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتریش عێراق لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ڤاکسینی كۆرۆنا گرێبەستی كردبوو، بۆ ھاردەكردنی 30 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا.

ئەم هەوڵەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی جۆرێکی دیکەی کۆرۆنای گۆڕاو لە ئەفریقیا ناسراو بە  (ئۆمیكرۆن).