نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە

مەترسییەکانی ئۆمێکرۆن مامەڵەکاران ناچار دەکات روو لە کڕینی زێڕ بکەن

K24 - هەولێر

لەگەڵ هەڵکشانی مەترسییەکان لەبارەی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن، نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا بەرزبووەوە و مامەڵەکاران وەک پەناگەیەکی ئارام روو لە کڕینی زێڕ دەکەن.

سەرەڕای ئەوە بە شێوەیەکی کردەیی لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردووەوە لە ئاسیا خواست بۆ زێڕ بەرزبووەتەوە، بە تایبەت لە هیندستان، چونکە وەرزی هاوسەرگیرییە و مامەڵەی کڕینی ئەو کانزا زەردە زیادیکردووە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکان، لە مامەڵە خێراکاندا نرخی ئۆنسێک زێڕ بە رێژەی 0.1% بۆ 1793.72 دۆلار بەرزبووەوە و لە گرێبەستەکانی داهاتووشی لە بۆرسەی ئەمەریکا بە رێژەی 0.4% بۆ 1793.2 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک بەرزبووەوە.

بە هەمان ئاراستە کانزای زیویش بە رێژەی 1.1% لە مامەڵە خێراکاندا بۆ 23.38 بۆ هەر ئۆنسێک بەرزبووەوە، پلاتینیش بە رێژەی 2.3% بۆ 976.01 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک بەرزبووەوە.