لە مێژووی باڵۆن دۆر.. شەش جار لە دابەشکردنی خەڵاتەکە زوڵم کراوە

براوەکانی باڵۆن دۆر
براوەکانی باڵۆن دۆر

لەوەتەی ساڵی 1956 گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ خەڵاتی باڵۆن دۆر دابەش دەکات، هەر ساڵێک مقۆ مقۆ و قسەی زۆر لەبارەی ئەوە دەکرێت کە کێ شایستەی ئەوەیە خەڵاتەکەی پێبدرێت، بەڵام لە مێژوودا شەش جار زوڵم لە چەند ئەستێرەیەک کراوە و خەڵاتەکەیان پێنەدراوە.

ساڵی 1996، زوڵم لە رۆناڵدۆت بەڕازیلی کرا

گەرچی ساڵی 1996 رۆناڵدۆی بەڕازیلی باشترین ئاستی پێشکەش دەکرد و دوای گەڕانەوەی لە مۆندیالی 1994 لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی دەدرەوشایەوە و باشترین یاریزانی جیهان بوو، کەچی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەوساڵە بە ماتیاس زامەر درا، بە بیانووی ئەوەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای لەگەڵ ئەڵمانیا بەدەستهێنا، لەکاتێکدا زامەر یاریزانی یەکلاکەرەوەی مانشافت نەبوو.

ساڵی 2000، زوڵم لە تۆتی و زیدان کرا

ساڵی 2000 خەڵاتی باڵۆن دۆر لەسەر ئەستۆی فرانچیسکۆ تۆتی و زینەدین زیدان بە لویس فیگۆ یاریزانی پۆرتوگاڵی یانەی بارسێلۆنا درا، لەو ساڵە تۆتی لەگەڵ یانەی رۆما و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە ترۆپکی ئاستیدا بوو، کەچی خەڵاتەکەیان بە فیگۆ بەخشی.

تەنانەت دواتر فیگۆ خوودی خۆی دانی بەوەدانا کە تۆتی شایستەی خەڵاتەکە بوو، گوتی 'من خەڵاتەکەم لە تۆتی دزی، دەبێت دانی پێدابنێم کە تۆتی لە من شایستەتر بوو'.

ساڵی 2003، زوڵم لە تێری هێنری کرا

گەرچی تێری هێنری لەگەڵ ئارسێناڵ نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا و بووە گۆڵکاری خولەکە و لە ترۆپکی ئاستیدابوو، بەڵام خەڵاتی باڵۆن دۆر بە پاڤێل نێدڤێد درا لەکاتێکدا یاریزانێکی یەکلاکەرەوەی بیانکۆنێری نەبوو، هێنری دوای ئەو ساڵە نەیتوانی تا وازیشی لە یاریکردن هێنا خەڵاتەکە بباتەوە.

ساڵی 2010، زوڵم لە وێسلی شنایدەر کرا

گەرچی وێسلی شنایدەر لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2010 و لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان نازناوی چامپیۆنزلیگ و پێنج نازناوی دیکەی بەدەستهێنا، هەمووان پێشبینییان دەکرد شنایدەر خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت، کەچی نەک هەر خەڵاتەکە بەو نەدرا بەڵکو ناوی لە سێ بەربژێری کۆتاییشدا نەبوو، لیۆنێل مێسی خەڵاتەکەی بەدەستهێنا و بەپێش ئینیێستا و چاڤی کەوتەوە.

ساڵی 2013، زوڵم لە فڕانک ریبیری کرا

ئەستەمە هەرگیز ئەم رووداوە لە بیری فرانک ریبێری بچێتەوە، چونکە ئەو یاریزانە فەرەنسییە لەو ساڵەدا لەگەڵ بایرن میونشن سیانەی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، هەمووان بەربژێریان کردبوو بۆ ئەوەی خەڵاتەکە بباتەوە کەچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتەکەی بەدەستهێنا.

ریبێری تا ئێستاش لە زۆربەی دیمانەکانی باسی ئەو زوڵمە دەکات و پێیوایە زوڵمێکی گەورەی لێکراوە.

ساڵی 2018، زوڵم لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرا

گەرچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو ساڵەدا لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و باشترین وەرزی تێپەڕاند، کەچی لەبەر ئەوەی لۆکا مۆدریچ لەگەڵ کرواتیا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیال خەڵاتەکە بە مۆدریچ درا، ئەوکات گوترا لەبەر ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چووە یۆڤێنتۆس بۆیە فلۆرێنتینۆ پێرێز رێگای نەدا خەڵاتەکە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدرێت.