36 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیکە دەگاتە عێراق

پێش گەیشتنی ئۆمیکرۆن داوایەک لە هاووڵاتییان دەکرێت
ڤاكسین
ڤاكسین

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیەنێت، تا کۆتایی ئەم مانگە 36 ملیۆن ژەمی دیکەی ڤاکسین دەگاتە عێراق.

ریاز حەلفی، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ، وەزارەتی تەندروستی 36 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیکەی کۆرۆنا وەردەگرێت.

حەلفی، داواشی لە هاووڵاتییان کرد، کە سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن، بۆ وەرگرتنی ژەمەکانی ڤاکسین، بۆ ئەوەی بەرگریی و رێگری لە دژی جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دروست ببێت.

راشیگەیاند، لە چەند وڵاتێک تووشبوون بە جۆرە گۆڕاوە نوێیەکەی کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەڵام دۆخی تووشبووەکان ئاساییە و نەگەیشتووەتە حاڵەتی مەترسیدار، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ جۆری گۆڕاوی دەلتا نەبێت، بەڵام پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی هەر پێویستن.