مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەدان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە کازمی کرد
مەسرور بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی کرد - 8/12/2021
مەسرور بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی کرد - 8/12/2021

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەولێر لە کۆبوونەوەدان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ چوارشەممە 8/12/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

هەر بەپێی زانیارییەکان، جومعە عێناد، وەزیری بەرگری عێراق و شاندێکی باڵای سەربازی عێراق یاوەری مستەفا کازمین.

کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاوتوێی بارودۆخی عێراق لە دوای هەڵبژاردن و هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان و تەقینەوەکەی بەسرا دەکرێت.

هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هێرشێکی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی یەکجارەکی و پاراستنی خەڵكی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی.