هۆشداری لە کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیییەکان دەدرێت

رێکخراوی خۆراکی جیهانی پێشبینی دەکات لە 10 ساڵی داهاتوودا مەترسییەکان فراوانتر و زۆرتربن
به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ زه‌وی كشتوكاڵی كه‌مبووه‌ته‌وه‌
به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ زه‌وی كشتوكاڵی كه‌مبووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی ناسراو بە "فاو"، بەکاریگەری زۆری خواست و گۆڕانی کەشوهەوا ، ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی لە مەترسییە و لە 10 ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە کەمترین ئاست.

کەمبوونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمی سەرچاوەکانی ئاو و پیسبوونی ژینگە، بووەنەتە گەورەترین مەترسی بەسەر دانیشتوانی جیهان، بەجۆرێک ژمارەیەک لەو سامانە بەرەو نەمان چوونە و پێشبینی دەکرێت، لەماوەی نیو سەدەی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی سامانی سرووشتی لەناوبچن.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی رێکخراوی خۆراکی جیهانی "فاو"دا هاتووه‌، دۆخی ئێستای کشتوکاڵ و بەرهەمە خۆراکییەکان بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و زەوی کشتوکاڵی، لە خراپترین دۆخیدایە، بەتایبەتی لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا مەترسییەکانی زیادیکردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان، ژمارەیەکی زۆری پێکهاتەی ئیکۆلۆجی لەسەر زەوی و لەناو ئاودا بەرهەمەکانیان دووچاری نەمان و مەترسی بوونەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و زۆربوونی خواست لەسەر بەرهەمە خۆراکییەکان و پیسبوونی ژینگە دەگەڕێتەوە، هەروەها بەکاریگەریی زۆربوونی ئەو رێژەیەش پێشبینی دەکرێت، لە 10 ساڵی داهاتوودا، مەترسییەکان فراوانتر و زۆرتربن.

هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی، بۆ کەمی چاندن و زەوی کشتوکاڵی و هەروەها رووداوە سرووشتییەکان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی وشکەساڵی لە هەندێک ناوچە زیانی گەورەی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر ئاستی جیهاندا ئەو کەسانەی بەدەست کەمی خۆراک دەناڵێنن، ژمارەیان لە ساڵی 2014  لە 605 ملیۆن کەس بۆ 768 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.

رێکخراوی فاو هۆشداری دەداتە وڵاتان، کە گرنگی بە ژینگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بدەن و رووبەڕووی پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ببنەوە و هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بدەن.