سەعدی پیرە: نابێ ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی کوردستان سەنگەر لە حکومەت بگرێت

"دەبێت دەستوورێک هەبێت ئۆپۆزسیۆن بوون رێکبخات"
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی  نیشتمانی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 - هەولێر

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە رێوڕەسمی بلاوکردنەوەی کتێبێک لەبارەی دەستوور رایگەیاند، دەبێت دەستوورێک هەبێت ئۆپۆزسیۆن بوون رێکبخات، چونکە لە هیچ شوێنێکی دونیا وەک کوردستان نییە، بەرپرسان بەناوی ئۆپۆزسیۆن بچنە دەرەوە و سەنگەر لە حکومەتەکەیان بگرن. ئاماژە بەوەش دەکات، راستە لە کوردستان گەندەڵی هەیە، بەڵام خاڵی ئەرێنیش هەیە دەبێت باس بکرێن، بۆیە بوونی دەستوور بۆ ئەم بابەتانە گرنگە.

سەعدی پیرە، گوتی: "ئۆپۆزسیۆن لەناوخۆ ئۆپۆزسیۆنە، ناتوانێت لە دەرەوەی کوردستان سەنگەر دابنێت بۆ دژایەتی حکومەتەکەی خۆی، شتی وا لە هیچ وڵاتێک نییە، تەنها بەرپرسانی بێ شەخسیەت شتی وا دەکەن، کەس لە دەرەوەی وڵاتەکەی دانابەزێتە سەر حکومەتەکەی، بەڵکو دەبێ لە دەرەوە باسی باشییەکانی وڵاتەکەت بکەیت، راستە لە وڵاتی ئێمە گەندەڵی هەیە، بەڵام دەبێ لە دەرەوە باسی باشییەکان بکەین، لێرە با رەخنە لە حکومەت بگرن، ئەو مافانە بە هاووڵاتی دراوە، بەڵام هەندێک کەس بە هەڵە لێی تێدەگەن".