ئه‌شره‌ف غه‌نی: گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌م باوه‌ڕكردنم بوو به هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی پێشووی ئه‌فغانستان، ئه‌شره‌ف غه‌نی، كه له سه‌روبه‌ندی نزیكبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له كابووڵ، وڵاته‌كه‌ی به‌جێهێشت، رایگه‌یاند، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌م ئه‌وه بوو، باوه‌ڕی زیاترم به هاوبه‌شه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌بوو.
رۆژی 15ی ئاب/ ئۆگستی رابردوو، ئه‌شرف غه‌نی كابووڵی به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌جێهێشت و دوای نزیكه‌ی چوار مانگ له راكردنی، هه‌ڵه گه‌وره‌كه‌ی خۆی ئاشكرا كرد.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی هه‌واڵی "بی بی سی"ی به‌ریتانیایی، كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه بڵاوكرایه‌وه، ئه‌شره‌ف غه‌نی گوتی: كاتێك رۆژی 15ی ئاب له خه‌و هه‌ڵسام، هه‌رگیز بڕوام وانه‌بوو، ئه‌وه دوایین رۆژم بێت له ئه‌فغانستاندا و تا فڕۆكه‌كه‌شم هه‌ڵنه‌فڕی ئه‌و باوه‌ڕم نه‌بوو.
گوتیشی: له سه‌ره‌تادا رۆژی 15ی ئاب، بڕیار وا بوو تاڵیبان نه‌یه‌ته ناو كابووڵه‌وه، به‌ڵام دوای دوو كاتژمێر هه‌موو شتێك له واقیعدا گۆڕا.
هه‌روه‌ها گوتی: دوو گرووپی تاڵیبان تا ده‌هات زیاتر گه‌مارۆی سه‌ر پایته‌ختیان له دوو لاوه توندتر ده‌كرد و خه‌ریك بوو شاره‌كه، كه پێنج ملیۆن دانیشتووی هه‌ن، به ته‌واوی وێران بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رازی بووم خۆم و هاوسه‌ره‌كه‌م و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، كابووڵ به‌جێ بهێڵین و چاوه‌ڕوانی ئۆتۆمبێلێك بووین بێت و بمانگه‌یه‌نێته باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری.
ئه‌شره‌ف غه‌نی گوتیشی: ئه‌و ئۆتۆمبێله هه‌ر نه‌هات، ئه‌وه‌ی هات، فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سه‌رۆكایه‌تی بوو، ئه‌ویش تۆقی بوو، وتی هه‌مووان ده‌كوژن و ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو، باسی له هه‌ڵوێستێك ده‌كرد.
ئه‌وه‌شی گوت: له دوو خوله‌ك زیاتر كاتی نه‌دامێ، وتم با به‌ره‌و خوست بڕۆین، به‌ڵام وتی: خوست و جه‌لال ئاباد گیراوون و له ده‌ست تاڵیبانن.
ئه‌شره‌ف غه‌نی، هه‌روه‌ها گوتی: نه‌مده‌زانی له‌و ساته‌دا به‌ره‌و كوێ بڕۆم، كاتێك هه‌ڵفڕین، روون بوویه‌وه، ئێمه ئه‌فغانستان به‌دێ ده‌هێڵین و ئه‌وه‌ش بڕیارێكی زۆر له ناكاو بوو.
له سه‌روبه‌ندی راكردنیدا ئه‌شره‌ف غه‌نی رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه، كه بۆچی وڵاتی به‌جێهێشتووه و دیارترین ئه‌و ره‌خنانه‌ش، ئه‌مروڵڵا ساڵجی جێگری بوو، كه راكردنه‌كه‌ی به شه‌رمه‌زارانه وه‌سفده‌كرد.
هاوكات ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوكرایه‌وه، گوایه ئه‌شره‌ف غه‌نی سامانێكی زۆری له‌گه‌ڵ خۆی بردووه، به‌ڵام غه‌نی ئه‌و ده‌نگۆیه ره‌تده‌كاته‌وه و پێشوازیش له هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات له‌و باره‌یه‌وه له‌گه‌ڵی بكرێت.
هه‌ڵه گه‌وره‌كه
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی بی بی سی دا، ئه‌شره‌ف غه‌نی، دانی به‌وه‌دا نا، كه كاتێك له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكی ئه‌فغانستان بووه، هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كردووه.
له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "كاتێك سه‌رۆكی وڵات بووم، ته‌نیا هه‌ڵه‌م ئه‌وه بوو متمانه‌م به هاوپه‌یمانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرد و ره‌نگه ئه‌وه سه‌ری كێشابێت بۆ كه‌وتنی كابوڵ و له‌و باره‌یه‌وه هه‌ر لۆمه‌یه‌ك بكرێم له ئه‌ستۆی ده‌گرم".
گوتیشی: "له تووڕه‌یی ئه‌فغانه‌كان تێده‌گه‌یشتم، كه لۆمه‌ی منیان كرد، كاتێك تاڵیبان به‌و خێراییه ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌فغانستاندا گرت".
ئه‌شره‌ف غه‌نی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان له ده‌وحه، كه له سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له مانگی شوباتی رابردوودا كرا، رێگه‌ی بۆ تاڵیبان خۆشكرد، بگه‌ڕێته‌وه بۆ كابووڵ.
غه‌نی له‌و بڕوایه‌دایه، ئه‌مه‌ریكا له بری ئه‌وه‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتیی بكات، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ تاڵیبان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی زاڵ بێت به‌سه‌رماندا و له‌ناومان به‌رێت.
به گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه، ئه‌مه‌ریكا رازی بوو، هێزه‌كانی له ئه‌فغانستان بكێشێته‌وه و حكومه‌تی كابووڵیشی ناچار كرد، دیل به دیل له‌گه‌ڵ تاڵیباندا بكات.
بڕیار بوو كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له مانگی ئایاردا بێت، به‌ڵام به ره‌زامه‌ندی تاڵیبان ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌كه‌ی خسته كۆتایی مانگی ئابی رابردوو، كاتێك بایدن ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، بڕیاری دا تا 11ی سێپتێمبه‌ر سه‌رجه‌م هێزه‌كانی له ئه‌فغانستان بكێشێته‌وه.
ئه‌مه‌ریكا ده‌ستوبردی كرد و له ئایاره‌وه تا 31ی ئۆگست، هه‌موو هێزه‌كانی له ئه‌فغانستان كێشایه‌وه و هاوكات تاڵیبان توانی له ماوه‌ی ته‌نیا 11 رۆژدا هه‌موو شاره‌كانی ئه‌فغانستان به كابووڵی پایته‌خته‌وه كۆنترۆڵ بكات و ته‌نیا به‌شێك له نه‌یاره‌كان له دۆڵی په‌نجشێر كۆبوونه‌وه و دوای كۆنترۆڵكردنی وڵاته‌كه، كۆتاییش به بوونی چه‌كدارانی نه‌یار له په‌نجشێر هێنرا.
ئه‌شره‌ف غه‌نی، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌فغانستان ئه‌و رووداوه‌ی به كوده‌تایه‌كی توند وه‌سفكرد، نه‌ك رێككه‌وتنی سیاسی.
له كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شیدا، غه‌نی وتی: ده‌ستكه‌وته‌كانی ژیانم داڕمان، ئه‌و به‌هایانه‌ی له پێناویان‌دا تێكۆشام له ده‌ستم دان و من بوومه قۆچی قوربانی.
سه‌رچاوه: بی بی سی