تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم لە ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکرد

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی: هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانەکانمان دابینکردووە
قوتابخانەیەکی سنووری پەروەردەی سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب
قوتابخانەیەکی سنووری پەروەردەی سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ 10/1/2022، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەمی قوتابیان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، نەوت، ماددەی پاکژکەرەوە و دەمامک و پێداویستییەکانی قوتابخانەکانیان دابینکردووە، هەروەها سێ ملیار دیناری حکومەت و پارەی فرۆشگاکانیش بۆ کڕینی پێداویستییەکان خەرجکراوە.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ ساڵێکی ناوازەیە بۆ پەروەردە، دوای بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و کەرەنتینە، بە پشتیوانی حکومەت و دابینکردنی پێداویستیەکان، دەوام زۆر بە ئاسایی ئەنجامدراوە و پڕۆگرامی ئاسایی خوێندراوە".

لە هەرێمی کوردستان، قۆناغەکانی خوێندن دابەشكراون بەسەر دوو وەرزی خوێندندا، ئەمڕۆش تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات و تا 19ی کانونی دوەمی 2022 بەردەوام دەبێت، دواتر چوار رۆژ پشوو دەدرێت بە قوتابیان.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی گوتی: "سەرجەم پێداویستیەکانی قوتابیانمان، لە نەوت، ماددەی پاکژکەرەوە و دەمامک دابینکردوە، پێشتر حکومەت 150 هەزار دەمامکی بۆ دابینکردوین و ئێستاش 400 هەزاری دیکەمان بۆ دابینکراوە، لەلایەن خێرخوازانیشەوە نزیکەی 500 هەزار دەمامکی دیکەمان بۆ دابینکراوە و دابەشکراون بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لەماوەی رابردودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک کورسی خوێندن (رەحلە)، وایت بۆرد، لاپتۆپ و سۆپای بۆ قوتابخانەکان دابینکردووە".

دڵشاد عومەر باسی لەوەشکرد، بە دوو بەش بودجەیان بۆ کڕینی پێداویستی قوتابخانەکان لە (قرتاسیە) دابینکردووە، کە بڕی سێ ملیار دیناریان لەلایەن حکومەتەوە دیاریکراوە و هەر قوتابیەک لەو بڕە پارەیە، هەزار و 600 دیناری بۆ خەرجکراوە، هەروەها لە پارەی فرۆشگاکان (حانوت) هەر خوێندکارێک شەش هەزار و 700 دیناری بۆ خەرجکراوە، کە بەهەمانشێوە بۆ کڕینی پێداویستی قوتابخانەکان بووە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 522 هەزار قوتابی لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەییدا لە 1844 قوتابخانەدا وانە دەخوێنن، کە 95 قوتابخانەیان ناحکومین.

بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە بەھای 4 ملیار دینار، بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابینکردووە.