خانمە وەزیرە کوردەکەی ھۆڵەندا دەستبەکار دەبێت

نیوەی کابینە نوێیەکەی حکومەتی هۆڵەندا ژنن
دیلان یەشیلئۆز، وەزیری داد و ئاسایشی هۆڵەندا
دیلان یەشیلئۆز، وەزیری داد و ئاسایشی هۆڵەندا

K24 - هۆڵەندا

بۆ یەکەمجار لە مێژووی حکومەتەکانی هۆڵەندا دا نیوەی تەواوی کابینەکە ژنن، یەکێک لە وەزیرەکانی کابینەکەش کوردە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا لە 26ی مارتی ساڵی 2021 بە بەشداری 37 پارتی سیاسی بەڕێوەچوو، ئەمەش ژمارەی پێوانەیی پارتە بەشداربووەکانی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تۆمارکرد. لە کۆی 13.293.186 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو 10.462.677 کەس، واتە بە ڕێژەی لە 78.7% بەشداری دەنگدان بوون.

لەو هەڵبژاردنەدا پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراتی (VVD) بە سەرۆکایەتی مارک روتەی سەرۆک وەزیران، متمانەی زۆرترین دەنگدەرانی بەدەستهێنا و پارتی (D66) بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا بووە پارتی دووەم و پارتی ئازادی (PVV)ی ئۆپۆزسیۆن لە پارتی دووەمەوە بووە پارتی سێیەم. دوای کەمتر لە مانگێک بەهۆی هەبوونی گەندەڵی لە ناو حکومەتی مارک رووتە، کابینەی حکومەت دەستیان لەکارکێشایەوە و پەرلەمانی نوێ بڕیاریدا بەردەوامبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات و کۆنترۆڵی پاندێمی تا پێکهێنانی کابینەی نوێ.

دوای چەندین کۆبوونەوە و نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک، بەهۆی هەبوونی کێشە لە بەرنامەی پارتەکان و رێککنەکەوتنیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان، حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام بوو لە کارەکانی.

بەپێی یاسای هۆڵەندا، لەکاتی رێکنەکەوتنی پارتەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەبێت پەنا ببرێت بۆ کەسانی پسپۆری دەستنیشانکراو، کە وەک زانیاری پێدەر و رێکخەر بۆ ناوبژیوانی پارتەکان دەستنیشانکراون وهەر یەک لە پارتە سەرکەوتووەکان بە تەنها لەگەڵ ئەو پسپۆڕانە کۆدەبنەوە و ئەو هەوڵەش چەندین پسپۆڕ بەشداریان تێدا کرد.

دوای نزیکەی 10 مانگ تێپەڕبوون بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا، کابینەی حکومەتی نوێ جارێکی تر و بۆ چوارمین جاری لە دوای یەک بە سەرۆکایەتی مارک روتە لەگەڵ سێ پارتی سەرەکی تر راگەیاندرا.

بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی حکومەتی هۆڵەندادا لەکۆی 20 وەزیر نیوەی تەواوی ژنبن، بۆ یەکەمجاریشە لە مێژووی هۆڵەندا کوردێک بۆ دووەمین جاردەبێتە وەزیر و پۆستی وەزیری داد و ئاسایشی پێدەسپێردرێت.

دیلان یەشیلئۆز، وەزیری داد و ئاسایشی هۆڵەندا، خەڵکی باکوری کوردستانە و ساڵی 1977 لە شاری ئانکەرە لە دایکبووە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمە. دیلان منداڵ دەبێت ساڵی 1984 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچبەری هۆڵەندا بوون.

دیلان لە زانکۆی ئامستەردام بڕوانامەی لە زانستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەستهێناوە، هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە، کەسێکی چالاک بووە لەناو پارتەکەیدا. لەساڵی 2014 تا 2017 لەسەر لیستی پارتەکەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری جێبەجێکاری شارەوانی ئامستەردام بووە.

لە ساڵی  2017وە لەسەر لیستی ئەو پارتە بووەتە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا و لەسەر بنەمای ئەزموونی ئەو لە بوارەکانی "گۆڕانی کەشوهەوا و سیاسەتەکانی تایبەت بە ژینگە'' لە کۆتایی مایسی ساڵی 2021 بە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری و سیاسەتی کەشوهەوا دەستبەکاربووە.

ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان، وەک هەمیشە کاتژمێر 11 دەچنە لای پاشای هۆڵەندا و سەرۆکوەزیران کابینەکەی بە پاشا دەناسێنێت و وێنەی مێژوویی دەگرن و دەستبەکاردەبن.