ئه‌و رۆبۆته‌ له‌ بری منداڵێك ده‌چێته‌ قوتابخانه‌

به‌ ڤیدیۆ.. رۆبۆته‌كه‌ له‌ بری منداڵه‌كه‌ قسه‌ ده‌كات و وه‌ڵامی مامۆستاكه‌ ده‌داته‌وه‌
منداڵه‌كه‌ نه‌خۆشه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی رۆبۆته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی له‌ناو پۆل وانه‌ ده‌خوێنێت
منداڵه‌كه‌ نه‌خۆشه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی رۆبۆته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی له‌ناو پۆل وانه‌ ده‌خوێنێت

K24 - هه‌ولێر:

منداڵێكی ته‌مه‌ن (7) ساڵه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ناتوانێت بچێته‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ مامۆستا و قوتابییه‌ هاوپۆله‌كانی به‌شداری له‌ وانه‌كانی ده‌كات، له‌ رێگه‌ی رۆبۆته‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ له‌ پۆلدا له‌ جێگه‌ی ئه‌و دانیشتووه‌، له‌ هه‌ر ئاماژه‌یه‌كی منداڵه‌كه‌، رۆبۆته‌كه‌ش له‌ناو پۆلدا قسه‌ ده‌كات.

ئوته‌ ڤینته‌ربێرگ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و قوتابخانه‌یه‌، كه‌ رۆبۆته‌كه‌ له‌ بری‌ "جۆشوا ماترتیناگلی" له‌ پۆلدا دانیشتووه‌، به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند، منداڵه‌كان قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ پێده‌كه‌نن، هه‌ندێك جار له‌ كاتی وانه‌دا قسه‌ی زۆری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، جۆشوا به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش ئاوێته‌ی وانه‌كه‌ ده‌بێت.

جۆشوا له‌ رێگه‌ی رۆبۆته‌كه‌ی كه‌ له‌ناو پۆلدا دانراوه‌، له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی قسه‌ ده‌كات
جۆشوا له‌ رێگه‌ی رۆبۆته‌كه‌ی كه‌ له‌ناو پۆلدا دانراوه‌، له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی قسه‌ ده‌كات

سیمۆن ماترتیناگلی، دایكی جۆشوا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كوڕه‌كه‌ی ناتوانێت بچێته‌ قوتابخانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سۆنده‌یه‌كی پزیشكی له‌سه‌ر ملی به‌ستراوه‌، كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی توندی سییه‌كانی ده‌بێت به‌رده‌وام به‌م شێوه‌یه‌ بێت.

رۆبۆته‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستپێخه‌رییه‌كی تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی ناوخۆیی له‌ گه‌ڕه‌كی  "مارتسان- هیلرسدۆرف"ی به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا پێشكه‌ش به‌ منداڵه‌كه‌ كراوه‌.

تۆرسن كوهنی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی په‌روه‌رده‌ له‌ ناوچه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ تاكه‌ گه‌ڕه‌كین له‌ به‌رلین، كه‌ چوار رۆبۆتمان بۆ قوتابخانه‌كان كڕیوه‌، كه‌ پاڵنه‌ره‌كه‌ش په‌تای كۆرۆنا بووه‌، به‌ڵام پێموایه‌ دوای په‌تاكه‌ش ئه‌م رۆبۆته‌ كاری پێده‌كرێت.

جۆشوا به‌هۆی نه‌خۆشیی سییه‌كانیه‌وه‌ ناتوانێت بچێته‌ قوتابخانه‌
جۆشوا به‌هۆی نه‌خۆشیی سییه‌كانیه‌وه‌ ناتوانێت بچێته‌ قوتابخانه‌

ئاماژی به‌وه‌ش كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جۆشوا نه‌خۆشه‌ و ناتوانێت بچێته‌ قوتابخانه‌ و له‌ وانه‌كانی ئاماده‌بێت، ئه‌و رۆبۆته‌ بووه‌ته‌ هاوكارێكی باش تا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ تێكه‌ڵاو بێت و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نه‌پچڕێنێت و له‌ قوتابخانه‌ش به‌رده‌وام بێت.

كاتێك پرسیار له‌ قوتابییه‌كی هاوپۆلی جۆشوا كرا، كه‌ ئایا ده‌توانێت جارێكی دیكه‌ جۆشوای هاوڕێكه‌ی ببینێت، ئه‌و قوتابییه‌ گوتی: "له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ پێمخۆشه‌ هاوڕێكه‌م ببینم، له‌به‌ری ئه‌وه‌ی رۆبۆتیشم خۆشده‌وێت"، هاوڕێیه‌كی دیكه‌ش هه‌ر له‌و پۆله‌دا ده‌ڵێت "حه‌زده‌كه‌م رووبه‌ڕوو جۆشوا ببینمه‌وه‌".