بەتۆمەتی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا

"شه‌وی رابردوو ته‌قه‌ی له‌ كه‌سێك كردووه‌ و كوشتوویه‌تی"
دوای ته‌قه‌ كردن و كوشتنی كه‌سێك، رایكردووه‌، ئه‌مڕۆ ده‌ستگیركرا
دوای ته‌قه‌ كردن و كوشتنی كه‌سێك، رایكردووه‌، ئه‌مڕۆ ده‌ستگیركرا

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستیگركردووه‌، كه‌ شه‌وی رابردوو له‌ قه‌زای شاره‌زوو ته‌قه‌ی له‌ كه‌سێك كردووه‌ و كوشتوویه‌تی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە قەزای شارەزوور تۆمەتبارێك تەقە لە كەسێك دەكات و كەسەكە دەكوژێت، دواتر هه‌ڵاتووه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌مه‌نییه‌كان ده‌ستگیركرا.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، دوای ته‌قه‌كردنه‌كه‌‌ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور و پۆلیسی بەڵگەكانی تاوان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ھێڵكاریی بۆ شوێنی تاوانەكە ئەنجامدرا و لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی ئانجامدەری تاوانەكە دەستیپێكرد.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی روونیكرده‌وه‌، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا هەمان شەو تۆمەتبارەكە لە دەوروبەری قەزای دەربەندیخان بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور بە ھاوكاری ئاسایشی دەربەندیخان دەستگیربكرێت.

باس له‌وه‌ش كراوه‌، تۆمەتباره‌كه‌ "أ، م، ك" (لەدایكبووی 1991) دانیشتووی قەزای شارەزووره‌، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.