تەندروستی جیهانی هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی گەورە دەدات

"ئەگەر ئەم کارە نەکرێت لە کۆتایی 2022 کارەسات روو دەدات"
دکتۆر مایکل رایان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی فریاکەوتنی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی
دکتۆر مایکل رایان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی فریاکەوتنی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی

K24 - هەولێر:

دکتۆر مایکل رایان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی فریاکەوتنی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەڵێت ئەگەر تا کۆتایی 2022 رێژەی وەرگرانی ڤاکسین لە %40 تێنەپەڕێنێت، ئەوا کارەساتێکی گەورە روو دەدات.

دکتۆر مایکل رایان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دوو ساڵی رابردوو گەواهیدەری ئەوە بوون، کە ئێمە دەتوانین بە پێدانی ڤاکسین بە هەموو دانیشتوانی جیهان، بەتایبەتی بەو کەسانەی لاوازترن وکەمتر بەرگە دەگرن، ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکەینەوە".

ئەو پزیشکە گوتیشی: "ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئەگەری زۆرەوە دەمێنێتەوە، توانای خۆگۆڕین و بەرگە گرتنی ڤایرۆسەکەمان بینیووە، بەردەوامیش دەبێت لە گۆڕان و دەشمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی هیوادارین کە بیبینین، ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە لە دووبارەبوونەوەی خۆگۆڕیندا لە ئاستێکی نزمدا جێگیر ببێت".

ئەو بەرپرسەی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بتوانن تا کۆتایی 2022 رێژەی وەرگرانی ڤاکسین لە زۆربەی وڵاتان بگەیەننە 40% یان ئەو رێژەیە تێببەڕێنن، ئەوا رێگری لە روودانی کارەساتێکی گەورە دەکەن، بۆیە گەیشتن بەو رێژەیە کاری لەپێشینەی ئەوانە.

دکتۆر مایکل رایان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "کێشەی ئێمە ئەوەیە، دابەشکردنی ڤاکسین بەسەر وڵاتاندا، بەجۆرێک نەبووە کە هەمووان بتوانن لەهەمانکاتدا ڤاکسینەکە وەرگرن، هەتا ئەو کاتەی ڤاکسین نەگەیەنینە هەموو وڵاتان و هەموو خەڵکی، ئەو لە کۆتایی 2022 هەمان گفتوگۆ دەکەینەوە، کە ئەو کات کارەساتێکی گەورە روویداوە".

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆڤید -19 له‌ جیهاندا، زەرەر و زیانێکی زۆر بە وڵاتان گەیشتووە، لە هەموو زیانەکانیش ترسناکتر مردن و کەمبوونەوەی رێژەی دانیشتووانە، کە قەرەبوو ناکرێتەوە.

بە گوێرەی ئه‌و داتایه‌ی كه‌ سه‌نته‌ری زانكۆی جۆنز هۆبكنز بۆ زانست و ئه‌ندازه‌ی سیستماتیكی بڵاویكردۆته‌وه،‌ 279 ملیۆن و ٩٤١ هەزار 644 کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر له‌ 5 ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ مردوون.

H.H