رێکخراوی تەندروستی جیهانی ستایشی رۆڵی مەسرور بارزانی دەکات

ته‌ندروستی جیهان: حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارێکی مەزنی ئەنجامداوە لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و توانیوویانە یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆنیش لە هەرێمەکە بدۆزنەوە
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی نێردەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی نێردەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

رێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO"، ستایشی رۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە هەنگاوەکان و رێکارەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

نێردەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "مەسرور بارزانی بەردەوام هاوکار بووە، لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان"، گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ شاندێکی گەورە و گرنگی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاتووین. ئه‌مڕۆ سێ پەیاممان هەیە. یەکەم ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارێکی مەزنی ئەنجامداوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە، نەك هەر ئەوەش بەڵکو ئێستا توانیوویانە یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆنیش لە هەرێمەکە بدۆزنەوە.

ئەمەش بەو واتایەی کە تیمی تەندروستی سەرکەوتووبوون لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە گۆڕاوەی کۆرۆنا. دووەم: تیمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی توانیوویانە پێکەوە کار بکەن، بۆ زیاتر پێشخستنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش. سێیەم: بۆ ماوەی دوو ساڵە، هەماهەنگییەکی چڕ لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و تیمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیە و دەشزانین کە ئەو پەتایە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێکەوە بەهێزین و دەتوانین پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە".

گوتیشی: "دەمەوێت بەتایبەتیش سوپاسی جەنابی سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی بکەم، کە بەردەوام هاوکار بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. سوپاسی جەنابی وەزیری تەندروستیش دەکەم بۆ ئەو هەماهەنگییە پتەوەی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیانە".

كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئاگاداربوون له‌ دۆخی ته‌ندروستی
كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئاگاداربوون له‌ دۆخی ته‌ندروستی

H.B