مهسرور بارزانی بۆ وهزیرانی ناوخۆ و پێشمهرگه: رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان توندتربكهن
K24 - ههولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە (23 ی کانوونی دووەم/ یهنایهری 2022) لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە "شۆڕش ئیسماعیل" و وهزیری ناوخۆ "رێبەر ئەحمەد"، دوايين گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا تایبەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعشی تاووتوێ کرد.
سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هێڵەکانی بەرگری و توندترکردنی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان کردەوە.
ئاماژهی بهوهش كرد، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە پەیوەندی بەهێز و بەردەوامدابن لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.