وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمکردنەوەی ئەمپێرەکانی کارەبا دەخاتەڕوو

لە ماوەی هەفتەیەکدا 242 فیدەری كارەبا لەکار کەوتوون
تیمێکی چاککردنەوەی کارەبا لەکاتی کارکردن
تیمێکی چاککردنەوەی کارەبا لەکاتی کارکردن

K24 - هەولێر

لە 19/1/2022، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی کارەبای ماڵانی لە 40 ئەمپێرەوە  بۆ 30 ئەمپێر دەرکرد، لە بەرامبەردا زیادکردنی ماوەکانی پێدانی کارەبای، وتەبێژی وەزارەتی کارەباش رایدەگەیەنێت، ئەو کەمکردنەوەیە کاتییە.

بەهۆی بەفر بارین و دابەزینی پلەكانی گەرمی بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی، لە چەند ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان بەشێك لە تۆڕەكانی كارەبا دووچاری گرفتی تەكنیكی بوونەوە، هاوکات ئاستەنگی ھاتووچۆ بۆ تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا دروستکردووە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەمەی رابردوو وەزارەتی کارەبا خوێندنەوەی بۆ دۆخی کارەبا کرد بەهۆی شەپۆلی بەفربارین سەرما کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بۆ ئەوەی بڕی کارەبا بەشێوەیەکی باشتر دابەش بکرێت، بڕیارماندا بڕی کارەبای ماڵان لە 40 ئەمپێرەوە بکرێت بە 30 ئەمپێر، ئەمەش لەپێناو درێژ کردنەوەی کاتەکانی کارەبا".

لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا 242 فیدەری كارەبا لە ھەرێمی كوردستان لە كاركەوتوونە، ئەمەش وایكردووە گرفت بۆ ھێڵەكانی گواستنەوە و تۆڕەكانی كارەبا دروستبکات. بەشێك لە ھاووڵاتییان پێیانوایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی كارەبا بۆ كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبا لە بەرژەوەندی گشتی دایە، چونكە ئێستا خواست لەسەر كارەبا زیادیكردووە.

سۆران جەبار، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە دەڵێ: "ئەگەر بڕی ئەمپێر بۆ بەرژەوەندی گشتی کەمیش بکرێتەوە، گرنگە کاتەکانی پێدان بەردەوام بێت".

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی لوقمان ئاژگەیی، پێی وایە: "پێویستە کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی پچڕ پچڕ نەبێت، بۆ ئەوەی خەڵک سوودی لێ ببینێت، نەک کاتەکانی پێدان و کوژانەوەی دیار نەبێت".

ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی سەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە بەشێکی زۆری ناوچەکان بەفر باریووە، ئەمەش وایكردووە خواست لەسەر كارەبا زیاد ببێت بۆ 7000 مێگاوات، لە كاتێكدا توانای بەرھێھێنان 3500 مێگاواتە، وەزارەتی كارەبا بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا پێوەری زیرەكی سنوورداركردووە و كارەبای كارگە گەورەكانیشی كەمكردووەتەوە.