قەیرانی رووسیا و ئۆکراینا گەورەترین کێشەی لەبەردەم گازی سروشتی بۆ ئەوروپا دروستکردووە

"لە هەر ئەگەرێکی گرژبوونی ناکۆکییەکان لە ئۆکراینا، سووتەمەنی بۆ ئەورووپا دابین ده‌كه‌ن"
هێڵی گازی ئه‌وروپا
هێڵی گازی ئه‌وروپا

K24 - هه‌ولێر:

ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوردەکارە سەرەکییەکانی ئاسیا بە چینیشەوە، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک. بەوەی لە هەر ئەگەرێکی گرژبوونی ناکۆکییەکان لە ئۆکراینا، ئەوا سووتەمەنی بۆ ئەورووپا دابین بکەن. هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی هەناردەکاریش لە دیارترینیان قەتەر و میسڕ و لیبیا بۆ دابینکردنی گاز گەیشتوونەتە رێککەوتن.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی بلۆمبێرگیان راگەیاندووە، لەبارەی سووتەمەنییەوە ئیدارەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیندستان و چین گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام رێککەوتن لەگەڵ پەکین سنووردار بووە.

لە هەمان کاتدا، کۆشکی سپی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتی گفتوگۆی کردووە، کە تا چەند لە تونایاندایە لە دۆخی لەناکاودا ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە، لە دیارترینیشیان بریتین لە قەتەر و نایجیریا و میسڕ و لیبیا.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا هەوڵدەدات دڵنیا بێتەوە، کە لە هەر بەرەوپێشچوونێک لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا کێشەی گاز بۆ ئەوروپا دروستنەبێت، بە تایبەت ئێستا وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا ترسیان هەیە بۆ هەر سزایەک بەسەر مۆسکۆ، کێشەی دابینکردنی گاز بۆ ئەوروپا دروستبێت.

پێچەوانەی نەوت، بازاڕی گازی سروشتی یەدەگێکی ئەوتۆی بۆ دۆخی لە ناکاو نییە، هەروەها هیچ بەرهەمهێنەرێکیش دڵنیاییان نەداوە کە لە ماوەیەکی کەمدا ئاستی بەرهەمهێنان زیادبکەن، لە کاتێکدا سەدا 40ـی گازی ئەوروپا لە رووسیاوە دابین دەکرێ.

وەزیری وزەی قەتەر، کە یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان رایگەیاند، ئەو بڕەی ئەوروپا پێویستییەتی ئەوان ناتوانن بە تەنیا دابینی بکەن.

سەرۆکی ئۆکرایناش داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات دوودڵ نەبن لە گفتوگۆکانیان لەبارەی داگیرکردنیان لە لایەن رووسیاوە، جەختیش دەکاتەوە ئەو جۆرە گفتوگۆیانە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەیان دروستدەکات.