ئۆکرانیا زیانە گیانییەکانی هێرشەکانی رووسیای ئاشکرا کرد

50 کەس کوژراون
دوو هاووڵاتی لە شوێنی بۆمباران لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا
دوو هاووڵاتی لە شوێنی بۆمباران لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

K24 – هەولێر

ئۆکرانیا ئاشکرای دەکات لە هێرشەکانی ئەمڕۆی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان 50 سەرباز و هاووڵاتی سڤیل کوژراون.

راوێژکارێکی وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، تائێستا 40 سەرباز و 10 هاووڵاتی سڤیل کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندارن.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێکرد.

چەند ساتێک دوای هێرشەکە ڤۆلۆدمێیر زلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکدا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

راشیگەیاند "دڵنیابن بەرگری لە خۆمان و ئاسایشی ئۆکرانیا دەکەین، داوا دەکەم خەڵک ئارام بن، تا لە تواناماندا هەبێت بەرگری لە خاک و گەلی ئۆکرانیا دەکەین".