ئەو خانووەی لە هەولێر بە ساختە فرۆشرا بوو کلیلەکەی درایەوە دەست ژنە بە تەمەنەکە

"نەرمین چوارەم کەس بووە خانووەکەی کڕیوە"
نەرمین محەمەد
نەرمین محەمەد

K24 - هەولێر

لە هەولێر خانووێک دوای چەندین ساڵ دەرکەوت کە بە ساختە فرۆشراوە، دوای ئەوەی دادگا کەیسەکەی یەکلا کردەوە و خاوەنداریەتی خانووەکەی بۆ خاوەنەکە گێڕایەوە، جارێکی دیکە خاوەنەکە کلیلی خانووەکەی رادەستی ئەو ژنە بە تەمەنە کردەوە کە لەناو خانووەکەدا بوو، کەیسەکە جارێکی دیکە لە دادگا دژی ئەو کەسە دەجوڵێندرێت کە یەکەم جار خانووەکەی فرۆشتووە.

ژنێکی بە تەمەن بەناوی نەرمین محەمەد، دوای 28 ساڵ لە خانووێک دەرکەوت کە زەوییەکەی پێشتر بە ساختە فرۆشراوە، خاوەنی زەوییەکە لە دادگا سکاڵای تۆمار کرد و دادگا خاوەنداریەتی بۆ ئەو گەڕاندەوە.

نەرمین محەمەد خانووەکە لە ساڵی 1994 بە 500 دیناری سویسری کڕیوە، بەڵام خانووەکە لە بنەڕەتدا هی باسل گۆرگیس، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بووە و گوتویەتی "کاتێک من چوومەتە دەرەوەی وڵات مامم بە ساختە خانووەکەی فرۆشتووە، و ئاگادار نەبووم".

دوای چەند دانیشتنێک دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر خاوەنداری خانووەکەی بۆ باسل گۆرگیس گەڕاندەوە.

ئەمڕۆ 27/2/2022، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوکرایەوە کە ژنێکی بە تەمەن لە رێگەی دادگاوە خانووەکەی لێوەرگیراوەتەوە، وەک پارێزگای هەولێر بەدواداچوونمان بۆ کرد، بۆ ئەوەی هۆکارەکەی بزانین، بۆمان دەرکەوت زیاتر لە 30 ساڵە ئەو زەوییە بەبێ ئاگاداری و ویستی خانووەکەی فرۆشراوە، ئەو ئافرەتەش کەسی یەکەم نەبووە خانووەکەی کڕبێت، بەڵکو کەسی چوارەم بووە".

گوتیشی: "خاوەنی خانووەکە کاتێک بینی کە ئەو ژنە بە تەمەنە بێ خانوو دەبێت ژیانی تێکدەچێت، بۆیە رەزامەندی دا کە ئەو ژنە بگەڕێتەوە ناو خانووەکە، کەیسی خانووەکە جارێکی دیکە دەکەینەوە، بۆ ئەو کەسەی یەکەمجار خانووەکەی فرۆشتووە، دامەزراوە یاسایی و ئیدارییەکان راسپێردراون، بۆ ئەوەی هەقی خاوەنەکە "باسل" نەفەوتێ، ئەو کەسەی خانووەکەی فرۆشتووە، کەسێکی نزیکی خۆی بووە".

پارێزگاری هەولێر، راشیگەیاند: "ئەمڕۆ ژنە بە تەمەنەکە دەگەڕێتەوە ناو خانووەکە و سوپاسی هەڵوێستی باسل دەکەین و بەڵێنمان پێداوە کە بابەتەکە رێچکەی یاسایی خۆی بگرێت و پشتیوانی دەکەین، بۆ ئەوەی مافی ئەو بسەندرێتەوە".

نەرمین محەمەد، لە وتەیەکدا سوپاسی پارێزگاری هەولێر و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە هاوکاربوون، بۆ ئەوەی خانووەکەی بۆ بگڕێننەوە.

ئ