بایدن: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزا بەسەر رووسیا

"ئەمەریکا ئاسمانی خۆی بۆ هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی رووسیا قەدەغە دەکات"
جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی  ئەمەریكا
جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا

K24 – هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی سزای توند بەسەر مۆسکۆ، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەش بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکات.

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وتاری ساڵانەی خۆی بە پرسی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپـێکرد و جەختی کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی سزای توند بەسەر مۆسکۆ لە بەرامبەر خواستی رووسیا بۆ کۆنترڵکردنی ئۆکرانیا.

راشیگەیاند، رووسیا گەمارۆی ئۆکرانیای داوە،و پوتن دەرفەرتی دیپلۆماسی لەدەستدا، ئەمەریکا لەگەڵ حکومەتی ئۆکرانیادایە.

بایدن دووپاتیکردەوە، ئەمەریکا ئاسمانی خۆی بۆ هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی رووسیا قەدەغە دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا سەبارەت بە پرسە دەرەکییەکان، تەنیا باسی هێرشی رووسیای بۆ سەر ئۆکرانیا کرد. تیشکی خستە سەر چەندین پرسی ناوخۆی وڵاتەکەی لەوانە، کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەدا تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار هەلی کار لە ئەمەریکا رەخسێنراوە، ئەمەش دوای کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆرۆنا، کە لە چەند ساڵی پێشتر زیانی بە ئابووری جیهان گەیاند.