"شارێکی گەورەی ئۆکرانیا کەوتووەتە بندەستی رووسیا"

وەزارەتی بەرگری رووسیا: 498 سەربازمان کوژراوە
سوپای رووسیا
سوپای رووسیا

K24 – هەولێر

شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە چەند شارێک بەردەوامە و بەرپرسانی ئۆکرانیا رایدەگەیەنن، شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا کەوتووەتە بندەستی سوپای رووسیا.

لە چەندین بەرەوە، شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و هەفتەیەکی تێپەڕاند، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، شەڕ و بۆردوومانەکان، لە کیێڤی پایتەخت و خارکێڤ لە رۆژهەڵات، بەسەختی درێژەی هەیە و لە شارە گەورەکانیش، تەنیا خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا کەوتووەتە بندەستی سوپای رووسیا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاشکرایکردووە، لەسەرەتای شەڕەوە تائێستا، 498 سەربازیان کوژراوە و هەزار و 597 سەربازی دیکەشیان برینداربوون، بەڵام پێشتر ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی بە زیاتر لە شەش هەزار مەزەندە کردووە.

بەهۆی ئەم شەڕەوە ژمارەی پەنابەرانی ئۆکرانی، لە وڵاتانی ئەوروپا، بۆ یەک ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.