سبەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ پۆستی سەرکۆمار دەست پێدەکات

"تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت"
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، سبەی یەکشەممە 6ـی ئادار / مارسی 2022، تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ پۆستی سەرکۆمار دەست پێدەکات.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردە، تیایدا ھاتووە: "پشت بەستن بە رێساکانی یاسای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆكکۆمار ژمارە ھەشت بۆساڵی 2012، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ژمارە سێی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لە دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار نیشاندا، ئەنجوومەنی نوێنەران کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار رادەگەیەنێت".

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا هاتووه‌: "به‌ گوێره‌ی ماددەی یەک لە یاسای ھەڵبژاردنی سەرۆك کۆماردا، ئەو کەسانەی مەرجەکانی خۆکاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری تێدایه‌، سبەی یەکشەممە سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران ده‌كه‌ن، تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت".

ئه‌م هه‌نگاوه‌ دوای ئەوە دێت ئەمرۆ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، بڕیاری دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار پەسەند کرد.

پەسەندکردنی بڕیارەکەیش دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار بۆ جاری دووەم لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە رەتکردەوە، ھەروەھا دادگا بڕیاریدا دەتواندرێت دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بکرێتەوە، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران نەک سەرۆکایەتییه‌كه‌ی.

پێویستە کاندیکراو بۆ پۆستی سەرکۆمار عێراق ئەم مەرجانەی تێدابێت:

- لە عێراق لە دایک بووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن.

- لێھاتوویی تەواوی ھەبێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواو کردبێت.

- ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسیی ھەبێت و سەرڕاستی و دادوەریی و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان  هه‌بووبێت و حوکم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەداری بکات.