پەرلەمانی عێراق وادەی کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیار دەکات

فراکسیۆنی پارتی: جگە لە فراکسیۆنەکانی سەدر و سیادە، رەنگە چەند لایەنێکی دیکەش دەنگ بە کاندیدی ئێمە بدەن
پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا

لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیار دەکات. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، جگە لە فراکسیۆنەکانی سەدر و سیادە، رەنگە چەند لایەنێکی دیکەش دەنگ بە کاندیدی ئێمە بدەن.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەپێی دەستوور و یاسا، ماوەی لە ماوەی سێ رۆژدا کاندیدەکان ناوی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تۆمار دەکەن، هەروەها ماوەی مانگێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیارکراوە، بەڵام رەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیار بکرێت".

گوتیشی: "وەک پارتی کاندیدی ئێمە دیارە، رێبەر ئەحمەد کاندیدی ئێمەیە، لە ئەمڕۆوە کاندیدەکان جارێکی دیکە ناوی خۆیان تۆمار دەکەنەوە".

سەبارەت بەوەی کە تائێستا هیچ نزیکبوونەوە لەنێوان فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی بۆ بوونی کاندیدێکی هاوبەش. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، گوتی: "بەگوێرەی زانیارییەکانی من تائێستا هیچ لە ئارادا نییە و ئێمە کاندیدی خۆمان هەیە و یەکێتیش چەند کاندیدێکیان هەیە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وەک ساڵی 2018 لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا ئەو سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرین".

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 203 دەنگی بەڵێ دەرگا بۆ دووبارە خۆکاندیدکردنی کاندیدان بۆ سەرۆک کۆمار کرایەوە. لە کۆبوونەوەکەدا 265 پەرلەمانتار ئامادەبوون، تەنها 62 پەرلەمانتار دەنگیان بە نەخێردا.

سەرۆکی فراکسۆنی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: "جگە لەوەی ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ فراکسیۆنی سەدر و سیادە هەیە، رەنگە چەند لایەنێکی دیکەش لەناو پەرلەمان دەنگ بە کاندیدەکەی ئێمە بدەن".