وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیا کۆدەبنەوە

کۆبوونەوەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە تورکیا دەبێت
ئاڵای رووسیا و ئۆکرانیا
ئاڵای رووسیا و ئۆکرانیا

K24 – هەولێر

بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیا لە تورکیا بۆ دانوستان لە تورکیا کۆببنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئەمڕۆ بەرەو تورکیا بەڕێدەکەوێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکوو ئێستا شاندی دانووستانکاری رووسیا و ئۆکرانیا، بۆ رێککەوتن و راگرتنی شەڕ، سێ جار لە بێلارووس کۆبوونەتەوە و نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە تورکیا ئاگربەستی سەرتاسەری لێبکەوێتەوە.

هەینی رابردوو مەولوود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بوو بۆ رێکخستنی دیداری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماتی، کە بڕیارە لە 11 تاوەکوو 13 ئەم مانگە لە ئەنتاڵیای تورکیا بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەشەڕ.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا - دیمتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا - دیمتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا