بووکێك ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی بەجێهێشت

دوای ئەوەی نهێنیەکی زاواکەی ئاشکرا بوو
بووک
بووک

K24 - هەولێر:

بووکێك لە هیندستان دوای ئەوەی نهێنیەکی زاواکەی بۆ ئاشکرا دەبێت، ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی بەجێدە‌هێڵێت و کۆتایی بە ئاهەنگەکە دێت.

هاوسەرگیری رێکخراو کە لە رێگەی دایک و باوک یان کەسوکارەوە بووک و زاواکە یەکتری دەناسن و بڕیاری هاوسەریگری دەدەن، جۆرێکی باوی هاوسەرگیریە لە هیندستان، بەڵام هەموو جارێك بەوجۆرە کۆتایی نایەت کە پلانی بۆ دانراوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "INDIAN TIMES"، لە شاری Etawah لە هیندستان بووکێك لە ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت زاواکە کەچەڵە، رەتی کردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات و ئاهەنگەکەی بەجێهێشت.

بە گوێرەی شایەتحاڵەکان کاتێك بووکەکە زاواکەی بینیووە کە قژی "باڕۆکە"ـی لەسەرە، بۆی دەردەکەوێت کە هاوسەری داهاتووی کەچەڵە و بە بینینی ئەمەش بێ هۆش دەبێت و لەسەر ستەیجی بووک و زاوا دەکەوێتە خوارەوە.

کاتێک دێتەوە هۆش خۆی، رەتی دەکاتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ زاواکە بکات، هەرچەندە خێزانەکەی هەوڵ دەدەن قایلی بکەن بەڵام بێ سوود دەبێت.

دواتر بووکەکە و خێزانەکەی ئاهەنگەکە بەجێدەهێڵن و دەچنە بنکەی پۆلیس و سکاڵا لەسەر زاوا و کەسوکارەکەی تۆمار دەکەن بەتۆمەتی فێڵکردن لە کچەکەیان