دادگای لاهای دژی رووسیا بڕیار دەدات

K24 – هەولێر
بڕیارە دادگای لاهای بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەک دژی رووسیا لەبارەی شەڕی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کە بارەگاکەی لە شاری لاهای هۆڵەندایە، بڕیارە دەربارەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بڕیارێک دەربکات.
لە راگەیەندراوێکدا دادگای لاهای ئاماژەی بەوەکردووە، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە شەڕ و قەیرانی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای پەیماننامەی رێگری لە کۆمەڵکوژیی و سزادانی تاوانبارانی جەنگ، سبەی چوارشەممە 16/3/2022، کۆدەبێتەوە و بڕیارنامەیەک دژ بە رووسیا دەردەکات، بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا.
ئەمە لەکاتێکدایە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا سزای ئابووریان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.