کوژرانی سێ چەکداری خۆبەخش لە ئۆکرانیا راگەیەندرا
K24 - هەولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی جۆرجیا، شەلڤا بابواشڤیلی، کوژرانی سێ چەکداری خۆبەخشی وڵاتەکەی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا راگەیاند.
شەلڤا بابواشڤیلی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە جۆرجیا هاوسۆزە لەگەڵ ئۆکرانیا لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا و وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات کە دۆستایەتی نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیکەی سەدەیەکە و لەسەر بنەمای متمانە بەهێزتربووە.
سەرۆکی پەرلەمانی جۆرجیا ئاماژەی بەوەشکرد کە سێ چەکداری خۆبەخشی وڵاتەکەی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کوژراون.
رۆژی 24ی شوباتی 2022، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکرانیا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
رووسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردانی لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.
سەرچاوە: AA
H.H