لوکاشینکۆ له‌ باره‌ی تەندروستی ڤلادیمێر پوتن: مەرگی هەموومان دەبینێت

سەرۆکی بێلارووس وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە پوتن بە شێت لە قەڵەم دەدەن
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن سەرۆکی رووسیای بە "ناپێگەیشتوو" وەسف کرد و سەرۆکی حکومەتی هۆڵەندا مارک روتێ لەبارەی پوتنەوە گوتی "تەواو تووشی وەسوەسەی گەورەیی بووە"، سەرۆکی بێلارووس وەڵامی هەموو ئەو لێدوانانەی دایەوە.

سەرۆکی بێلارووس ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ کە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی پوتنە لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا گوتی "پوتن تەندروستی زۆر باشە و لە باشترین دۆخی خۆیایەتی، وەک چۆن دەڵێن "مەرگی هەمووان دەبینێت."

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵێ رۆیتەرز، لوکاشینکۆ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "TBS"ـی ژاپۆنی، ئەو لێدوانەی داوە.

لوکاشینکۆ جەختی لەوەش کردەوە، "پوتن بەتەواوی لێهاتووە، ئەو لە باشترین دۆخی خۆیەتی، کەسێکی تەواو پێگەیشتووە، لەهەمانکاتدا وەرزشەوانە و تەندروستیەکی زۆر باشی هەیە."

رۆژی 24ی شوباتی 2022، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و بەشێکی هێرشە سەربازییەکانی رووسیا لە خاکی بێلارووسەوە کرانە سەر ئۆکرانیا، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

H.H