پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك-گەرمیان لە (31)مین ساڵیادی رزگارکردنی کەرکووك

"رزگارکردنی کەرکووك سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە کەرکووك خاکی دانەبڕاوی کوردستانە"
كه‌ركووك
كه‌ركووك

K24 – هه‌ولێر:

له‌یادی رزگاركردنی شاری كه‌ركووك، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئیرادەی بەهێزی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەوە بۆ رزگارکردنی کەرکووك بڕیارێکی مێژوویی ئامانجدار بوو و سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە کەرکووك خاکی دانەبڕاوی کوردستانە و تەعریبکردن و داگیرکاری و چەواشەکاری هیچ کات نەیتوانیوە راستییەکان بشارێتەوە.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئەمڕۆ کەرکووك دوای خیانەتی 16ی ئوکتوبەر دیسان داگیرکراوە و هێزی سەربازیی نامۆ لە شارەکە دەسەڵاتدارە و هێشتا دەنگ و عەقڵیەتی شۆڤێنی باڵادەستە و نکۆڵی لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکات و هەمان ئەزموونی داگیرکاری و تەعریبکرنی رژێمەکانی پێشوو دووبارە دەکەنەوە، بێ سوودوەرگرتن لە مێژوو و وانەکانی راپەرینی گەلەکەمان.

ده‌قی په‌یامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە (31)مین ساڵیادی رزگارکردنی کەرکووك:

سڵاو و رێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و شەھیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدە سەربەرزەکانی کورد و کوردستان.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سیمبوڵی خەبات و بەرگریکاری بەدەستھێنانی ماف و ئازادیی گەل و ڕزگار کردنی خاکی کوردستان.

یادی جەژنی نەورۆز، یادکردنەوەی سەرکەوتنی ھەقە بەسەر ناھەق و ستەمکاریدا "یادی  نەھێشتنی سەختی و سەرما و سۆڵی زستان و ھاتنی بەھار و شادی و کەشوھەوای گونجاوە و یادی سەرکەوتنی بیری پاك و ئازادیخوازە بەسەر ستەم و داگیرکاری و دیکتاتۆریدا و، یادی جەژنی نەورۆز ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردییە"، یادی ڕزگارکرنی کەرکووكی دڵی کوردستانە لە ڕژێمی بەعس لە 20ی ئاداری 1991.

ئەمڕۆ سی و یه‌ك ساڵ بە سەر ڕۆژێکی گرینگ و پیرۆز و پرشنگدار لە ڕۆژانی سەرکەوتنی پر شانازی و شکۆ  لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان تێده‌په‌رێت کە گەیشتنی ڕاپەرینی مەزنی بەهاری 1991 بوو بە قۆناغ و لوتکەی سەرکەوتنەکانی کە ئامانجی لە مێژینەی جەماوەری سەربەرزی کوردستان و شەهیدە سەربڵندەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، کە تێیدا کەرکووکی دڵی کوردستان رزگار کرا و ئاگری نەورۆزی پیرۆز بە ئازادی لە شارەکەدا هەڵکرا.

لەم یادە پڕ شکۆیەدا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەین.

پیرۆزبایی لە ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و  خەڵکی سەربەرزی کوردستان بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی دەکەین.

سڵاو دەنێرین بۆ گشت  کورد و کوردستانییەکی دڵسۆز کە لە ھەندەراندا دەژین.

سەری ڕێز و نوازش بۆ ڕوحی پاکی باوكی ڕوحیی نەتەوی کورد بارزانیی  نه‌مر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زندوو دادەنوێنین.

ڕیشەی ڕاپەرین و ئازادکردنی کەرکووک بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان دەگەڕێتەوە، بۆ خەبات و شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران لە جینۆساید و ئەنفال و ڕاگواستن و بەرهەمی قوربانیدانی بێشوماری شەهیدی سەربەرزی کوردستانە و، ئامانج و ئەرکی نەتەویی و نیشتمانیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوو دژ بە سیاسەتی دیکتاتۆری داگیرکەرانی خاک و مافی خەڵکی کوردستان.

کەرکووک هەمیشە هێمای ئازادی و سیمبوڵی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوایەتیی گەلی کوردستان بووە، بارزانیی نەمر فەرموویه‌تی (کەرکووك  دڵێ کوردستانە). بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئیرادەی بەهێزی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەوە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک بڕیارێکی مێژوویی ئامانجدار بوو و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە کەرکووک خاکی دانەبڕاوی کوردستانە و تەعریبکردن و داگیرکاری و چەواشەکاری هیچ کات نەیتوانیوە ڕاستییەکان بشارێتەوە.

قەوارەی ده‌ستووری و یاسایی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە چەندین دەسکەوتی گەورەی بۆ گەلەکەمان دەستەبەر کردووە، بەرهەمی خەباتی دێرینی گەلەکەمان و ئەو ڕاپەرینە مەزنەن.

ئەمڕۆ کەرکووک دوای خیانەتی 16ی ئوکتوبەر دیسان داگیرکراوە و هێزی سەربازیی نامۆ لە شارەکە دەسەڵاتدارە و هێشتا دەنگ و عەقڵیەتی شۆڤێنی باڵادەستە و نکۆڵی لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکات و هەمان ئەزموونی داگیرکاری و تەعریبکرنی ڕژێمەکانی پێشوو دووبارە دەکەنەوە، بێ سوودوەرگرتن لە مێژوو و وانەکانی ڕاپەرینی گەلەکەمان.

لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری شاری کەرکووکی دڵی کوردستان و گەرمیان و دووز و خانەقین و مەخمور و مەندەلی و شنگالی خۆڕاگر دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو دۆخە نائاساییەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە کەرکووک دەگوزەرێت قبووڵکراو نییە و بەردەوام نابێت و لەو پێناوەدا هەموو هەوڵ و ڕێگایەگ دەگرینەبەر  بۆ سەلماندنی کوردستانێتیی کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.

دڵنیا بن ھیچ ھێزێك ناتوانێت پارتی دیموکراتی کوردستان و کەرکووک و کەرکووکییەکان و گشت کوردستان لەیەك جودا بکاتەوە.

بەرز و پیرۆزبێت یادی ئازادکردنی کەرکووک. پیرۆزبێت  جەژنی نەورۆز لە هەموو خەڵکی کوردستان.

سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و شەھیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدە سەربەزەکانی کورد و کورستان.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سیمبوڵی خەبات و بەرگریکار لە بەدەستھێنانی ڕزگاریی خاك و ئازادی و مافی گەل وپاراستنیان.

 

دکتۆر کەمال کەرکووکی

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان

2022/3/20