رووسيا و چه‌كی كیمیایی.. ئه‌گه‌ره‌كانی هێرشكردن و ئاماده‌كارییه‌كانی ناتۆ
K24- هه‌ولێر:
سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، له ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیایی له‌لایه‌ن رووسیاوه بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، ئه‌وانیش وه‌ڵامیان ده‌بێت، به‌ڵام بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌و باوه‌ڕه‌دایه، رووسیا ئه‌و كاره ناكات.
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌كاتی گه‌یشتنی بۆ به‌شداریكردن له لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی ناتۆ له برۆكسل، جۆنسن له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ی راستی بێت، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هێڵه سووره‌كانی تێپه‌ڕاندووه و پێی ناوه‌ته هێرشی به‌ربه‌ری".
ئایا ده‌كرێت رووسیا چه‌كی كیمیایی له ئۆكرانیا به‌كاربهێنێت؟
رووسیا یه‌كێكه له‌و 193 وڵاتانه‌ی واژوویان له‌سه‌ر ئه‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه كردووه، كه به‌رهه‌مهێنان و كۆگاكردن و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی قه‌ده‌غه ده‌كات، مۆسكۆش ره‌تی ده‌كاته‌وه هیچ چه‌كێكی كیمیایی هه‌بێت و به‌كاریبهێنێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ساڵی 2018 لایه‌نگرانی رووسیا گازی ده‌ماركوژی "novichok"ـیان له شاری سالیسبێری به‌ریتانیای به‌كارهێنا و له ئه‌نجامدا ئافره‌تێك گیانی له‌ده‌ستدا، هه‌روه‌ك به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئۆ‌گه‌ستسی ساڵی 2020ـیش رووسیا هه‌وڵیدا ئه‌لێكسی نافالنی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گازه‌وه له‌ناوببات.
رۆژنامه‌نووسانی بنكۆڵكار له‌و باوه‌ڕه‌دان، رووسیا به‌رنامه‌یه‌كی نهێنیی چه‌كی كیمیایی هه‌یه، هه‌روه‌ك سووریاش كه هاوپه‌یمانێكی مۆسكۆیه، به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له دژی خه‌ڵكی سڤیل تۆمه‌تباره.
رۆژنامه‌ی گاردیان له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی رۆژئاوا هیوا به شكستی مۆسكۆ له ئۆكرانیا ده‌خوازن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شكستهێنانی رووسیا له سه‌ركه‌وتنێكی خێرا به‌سه‌ر ئۆكرانیادا، سه‌ركرده‌كانی رۆژئاوای نیگه‌ران كردووه، له‌وه‌ی كه به‌هۆی ئه‌و شكسته‌ی، مۆسكۆ په‌نا بباته به‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی بۆ كۆنترۆڵكردنی شاره‌كان.
له دیسێمبه‌ری ساڵی 2016 و دوای 4 ساڵ له ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی سووریا، رژێمی ئه‌و وڵاته له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی گازی كلۆره‌وه له دژی به‌رهه‌ڵستكارانی حكومه‌ت، چه‌ندین ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی سڤیلی له شاری حه‌له‌ب كرده ئامانج.
له‌وباره‌یه‌وه هامیش دی پریتۆن جۆردون، شاره‌زای چه‌كی كیمیایی گوتی: "ئه‌و چه‌كه زۆر كارایه و ده‌توانێت ئیراده‌ی به‌رگری تێكبشكێنێت".
له لووتكه‌ی ناتۆدا له برۆكسل، پرسه‌كانی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و ته‌نانه‌ت ئه‌تۆمیش له‌لایه‌ن رووسیاوه بابه‌ته هه‌ره گه‌رمه‌كانی گفتوگۆكان بوون، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌مه ئه‌گه‌ره و سه‌ركرده‌كانی ناتۆش ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره ده‌كه‌ن.
یێنس ستۆڵتنبێرگ، ئه‌مینداری گشتیی ناتۆ گوتی: رۆژی پێنجشه‌ممه سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ناردنی پێداویستییه‌كانی به‌رگریكردن له چه‌كی كیمیایی بۆ ئۆكرانیا داوه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ده‌كرێت ئه‌و كه‌لوپه‌لانه پێداویستی ئاشكراكردن و پارێزگاریكردن و پێداویستی پزیشكیش له‌خۆ بگرن، وێڕای میكانیزمه‌كانی مه‌شقدان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی لابردنی كاریگه‌رییه‌كانی ژه‌هراویبوون و ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كان".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌سۆشێیتیدپرێس، به‌رپرسانی كۆشكی سپیش رایانگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی ناتۆ كار له‌سه‌ر پلانی فریاگوزاری بۆ ئه‌گه‌ری بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌كه ناكلاسیكییه‌كانی رووسیا ده‌كه‌ن. ناتۆ هێزه تایبه‌ته‌كانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته مه‌شقداوه و ئاماده‌یه بۆ بڵاوبوونه‌وه له‌كاتی روودانی هه‌ر هێرشێكی له‌و جۆره له دژی دانیشتوان و یان یه‌كێك له هه‌رێمه‌كان یاخود له دژی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندام له ناتۆ.
به‌گوته‌ی ئه‌و ئاژانسه، هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له كۆشكی سپی ده‌ستی به هه‌وڵه‌كانی كردووه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی "تیمی پڵنگ"، كه بۆ دانانی پلانێكی سێ مانگانه راسپێردراوه و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی دووه‌م كه كار له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌كی دوورمه‌ودا بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانێكی جیۆسیاسی ده‌كات.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، ئه‌و دوو تیمه پلانڕێژی فریاگوزاری بۆ سیناریۆ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی و بایۆلۆژی له‌لایه‌ن رووسیاوه و به ئامانجگرتنی كاروانی ئاسایشی ئه‌مه‌ریكی له ناوچه‌كه و په‌كخستنی زنجیره‌ی هاوكارییه‌كانی خۆراكی جیهانی و قه‌یرانی به‌رده‌وامی په‌نابه‌ران.
وه‌ڵامی ناتۆ چۆن ده‌بێت؟
وه‌ڵامی ناتۆ له‌سه‌ر شێوازی هێرشكردن ده‌بێت. جۆردون، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌كانی چه‌كی كیمیایی سه‌ر به ناتۆ گوتی: دوو شێواز بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیایی هه‌ن، یه‌كه‌م: هێرشكردن به كلۆر یانیش ئامۆنیا، له‌وكاته‌دا مۆسكۆ هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، وا نیشانبدات، كه ئه‌مه رووداوێكی پیشه‌سازییه.
هه‌رچی جۆری دووه‌مه: به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌كه كیمیاییه‌ی كه تایبه‌ت بۆ كوشتن ئاماده‌كراوه، له‌وانه‌ش گازی سارین یان "novichok"، ئه‌مه‌ش ئه‌و جۆره‌یه كه رژێمی سووریا له‌ساڵی 2017 له دژی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی به‌كاریهێنا.
جۆردون ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له حاڵه‌تی یه‌كه‌م من دڵنیا نیم ئاخۆ ناتۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیی ده‌بێت یان نا، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌دا هاوپه‌یمانان ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌ن چه‌كی باشتر و زیاتر به ئۆكرانیا بده‌ن و له‌ڕووی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا هه‌واڵگرییه‌كانیشی زیاتر هاوكاری ده‌كه‌ن".
له به‌رده‌وامی گوته‌كانیدا جۆردون گوتی: "ئه‌گه‌ر رووسیا گازی تایبه‌ت به كوشتنی به‌كارهێنا، پێشبینی ده‌كرێت ناتۆ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربازی وه‌ڵامی مۆسكۆ بداته‌وه، هه‌روه‌ك جۆر له سووریاش كردیان".
دوای به ئامانجگرتنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن رژێمی سووریاوه له ساڵانی 2017 و 2018، ئه‌مه‌ریكا چه‌ند هێرشێكی ئاسمانیی بۆ سه‌ر پێگه‌كانی رژێمی دیمه‌شق ئه‌نجامدا.
رۆژی پێنجشه‌ممه دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ناتۆ و گرووپی وڵاتانی G7، بایدن دووپاتیكرده‌وه، هه‌ر هێرشێكی كیمیایی له‌لایه‌ن رووسیاوه، وه‌ڵامی هاوشێوه‌ی ده‌بێت.
پێشتریش بایدن و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناتۆ جه‌ختیانكرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی هیچ هێزێكی پیاده له‌ناو خاكی ئۆكرانیا بڵاوناكه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری و روونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و گوتانه‌یان بخه‌نه‌ڕوو.
بایدن گوتی: "ئێوه رسیار له‌باره‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئاخۆ ناتۆ ده‌چێته ناو ئۆكرانیا، ئێمه له‌كاتی خۆیدا ئه‌و بڕیاره ده‌ده‌ین".
به‌ڵام پێشبینی ناكرێت ناتۆ پێگه كیمیاییه‌كانی رووسیا راسته‌وخۆ بكاته ئامانج، له ترسی ئه‌وه‌ی جه‌نگێكی سه‌رانسه‌ری هه‌ڵگیرسێت، كه هه‌میشه سه‌ركرده‌كانی ناتۆش جه‌خت له‌سه‌ر به‌لاوه‌نانی ئه‌و هه‌نگاوه ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه پێده‌چێت وه‌ڵامی سه‌ربازی مه‌حاڵ بێت.
ئایا هیچ جێگره‌یه‌وه‌یه‌ك بۆ وه‌ڵامی سه‌ربازی هه‌یه؟
به‌گوته‌ی رۆژنامه‌ی گاردیان، وڵاتانی رۆژئاوا ده‌توانن له رێگه‌ی چڕكردنه‌وه‌ی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانیان به‌لێشاو بۆ ئۆكرانیا ئه‌و جێگره‌وه‌یه بدۆزنه‌وه، وێڕای توندتركردنی سزای ئابوورییه‌كانی سه‌ر مۆسكۆ، كه له‌وانه‌یه ئه‌و سزایانه بانكه‌كانی دیكه‌ی رووسیاش بگرێته‌وه، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌واوه‌تیی یه‌كێتی ئه‌وروپا و به‌ریتانیا له هاورده‌كردنی نه‌وت و غازی رووسیا، وێڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه بۆ هه‌ندێك له وڵاتان بڕیارێكی سه‌ختی ئابووری ده‌بێت.