هێزەکانی رووسیا لە بنکەیەک دەکشێنەوە

لە شارێک شەڕ دژی ئۆکرانیا رادەگرێت
سوپای رووسیا
سوپای رووسیا

K24 - هەولێر

هێزەکانی رووسیا لە بنکەی چێرنۆبل کشاونەتەوە و شەڕیشیان لە ماریوپۆل راگرتووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، هێزەکانی رووسیا لە بنکەی ئەتۆمی چێرنۆبل لە ئۆکرانیا کشاونەتەوە کە رۆژی 24ی مانگی رابردوو کۆنترۆڵیان کردبوو، بە ئاراستەی بێلاڕووس پاشەکشەیان کردووە.

ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا راشیگەیاندووە، پێشینی دەکەن رووسیا ئەو ناوچەیە جێبهێڵێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە بۆردومانکردنی ماریوپۆل رادەگرن کە ئێستا گەمارۆدراوە، ئەوەش لەپێناو دەرچوونی خەڵکی مەدەنی لەو شارە و کردنەوەی دەرچەیەکی مرۆیی بۆ خەڵک بەرەو شاری زابۆرجیای ئۆکرانیا.

رووسیا پێشنیازیشی کردووە لەپێناو سەرکەوتنی ئەو هەوڵە مرۆییە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بکەن.

سەرچاوە: سکای نیوز