ئەمریکا بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات

"فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، زریپۆش و چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت"
هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا
هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، جۆن کێربى رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی واشنتۆن پۆست، کیربی لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان زانیاری لەبارەی ناردنی هاوکاری سەربازی خستەڕوو.

گوتەبێژەکەی پنتاگۆن ئاشکرای کرد هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن و بەهێزکردن سوپای ئۆکرانیا بەردەوامە و لەم چوارچێوەیەشدا وڵاتەکەی بڕیاریدا کاروانێکی هاوکاری سەربازی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، زریپۆش و چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، بۆ ئۆکرانیا رەوانە بکات.

کێربى جەختی لەوە کردەوە ناردنی هاوکاری سەربازی لەلایەن وڵاتەکەی گوزارشت لە گرینگی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ئۆکرانیا دەکات.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا 11ی ئادار ئەو بودجەی کە بڕەکەی 13،6 ملیار دۆلار بوو، پەسند کرد کە تەرخانکرابوو بۆ هاوکاری کردنی ئۆکرانیا.

باس لەوەش دەکرێت ئەمریکا تاوەکو ئێستا بە بەهای 2،3 ملیار دۆلار هاوکاری پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.

جێگەی باسە ئەمریکا داواکاری ئۆکرانیای لەبارەی راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین و ناردنی فڕۆکەی جەنگی رەتکردبووەوە.

به‌ره‌به‌یانی 24ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022) به‌كاتی ئۆكرانیا، كه‌ ده‌شێت ئه‌م مێژووه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی سێیه‌می جیهانی، رووسیا له‌ 3 قۆڵه‌وه‌ هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی كرده‌ سه‌ر ئۆكرانیا، زیاتر لە مانگێکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا لە خاکی ئۆکرانیادا کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

AA