شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن وازھێنانی لە نازناوی "شازادە" راگەیاند

ساڵی رابردوو ناوی لە ھەوڵی ئەنجامدانی کودەتایەک تێوەگلابوو
حەمزە بن حوسێن، شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن
حەمزە بن حوسێن، شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن

K24 - هەولێر:

حەمزە بن حوسێن، شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن کە ساڵی رابردوو ناوی لە ھەوڵی ئەنجامدان و بەشداریکردن لە کودەتایەک تێوەگلابوو، وازھێنانی لە نازناوی "شازادە" راگەیاند.

شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن حەمزە بن حوسێن، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "دوای ئەو شتانەی لەم ساڵانی دواییدا تێبینیم کردن و بینیمن، گەیشتمە ئەوەی کە دیدگای من و ئەو نەگۆڕانەی باوکم لە ناخمدا چاندوویەتی و بەدرێژایی تەمەنم ھەوڵمدا پابەندبم پێوەیانەوە، لەگەڵ پەیڕەو و ئاڕاستە و شێوازی نوێی دامەزراوەکانماندا ناگونجێت. لە روانگەی ئەمانەت بۆ خودا و ویژدانەوە جگە لە وازھێنان لە نازناوی شازادە زیاتر ھیچ نابینیم".

لە تویتەکەیدا ئەوەش هاتوووە، کە خزمەتکردنی وڵاتەکەی و گەلەکەی لە رێگەی ئەم نازناوەوە بە درێژایی تەمەنی و ھەموو کات شەرەفمەندی بووە و جەختی لەوە کردەوە کە تاکو دەمێنێت لە ژیاندا ھەر وەکو ھەموو کاتێک بەڕاستی لەگەڵ ئوردن دەمێنێتەوە و لە ژیانی تایبەتیدا تاکو ھێزی ھەبێت خزمەتی گەل و وڵاتەکەی دەکات.

شازادە حەمزە، ساڵی رابردوو لە ھەوڵێکی کودەتادا تێوەگلابوو، رۆژی 6ـی ئادار لە نامەیەکدا داوای لێبوردنی لە شا عەبدوڵڵا-ی برای کردبوو.

لە نامەکەیدا باسی لەوە  کردبوو کە ساڵی رابردوو ئوردن "بە قۆناغێکی خەمناکدا تێپەڕی" و بە سایەی "ژیری، دانبەخۆداگرتن و لێبوردەیی" شا عەبدوڵڵا-ی دووەمەوە ئەو دۆخەیان تێپەڕاند.