بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت 50 لەسەد داشکاندنی نرخی کارەبا بۆ فڕنەکانی نان دەکرێت

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا، به‌ رێژه‌ی %50 داشكان بۆ نرخی كرێی كاره‌بای فڕنه‌كانی نان و نانپێژه‌كان بكرێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (5ی نیسان/ ئه‌پریلی 2022) بڵاویكرده‌وه‌، رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ دوای دیداری  راسته‌وخۆی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ نوێنەرانی فڕن و نانپێژەکان هات.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: له‌و دیداره‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌ت بەدواداچوونی بۆ کێشە و داواکاریی فڕن و نانپێژەکان كرد.

نووسینگه‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ هه‌وڵێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گرانبوونی ئارد لە بازاڕەکانی جیهاندا.

به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاره‌كه‌ تا بارگرانیی دارایی لەسەر خاوەن فڕن و نانپێژەکان کەمبکرێتەوە.