عێراق شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا تێپدەپەڕێنێت

کاریگەری کەمتر بووە لە شەپۆلەکانی پێشتر
فۆتۆ: AFP
فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق نزیکە شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێپەڕێنێت، کە کاریگەری کەمتر بووە لە شەپۆلەکانی پێشتر.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی پەتاکە لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، ئەمەش مانای ئەوەیە، کە شەپۆلی چوارەم پەتاکە بە سەلامەتی تێدەپەڕێنین".

گوتیشی "شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا بەشێوەیەکی گشتی بەراورد بە شەپۆلەکانی دیکەی پەتاکە کاریگەریی کەمتری هەبوو، بەڵام چەند ئاماژەیەک هەن بۆ دەرکەوتنی شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا، وەک ئەوەی لە چەند وڵاتێکدا بڵاوبووەتەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئاماژەیداوە "پرۆسەی ڤاکسینیکردنی هاووڵاتییان بەردەوامە، زۆرینە ئەوانەشی تووشی پەتاکە دەبن لەو کەسانەن کە هیچ ژەمە ڤاکسینێکیان وەرنەگرتووە".