سەڵاحەدین بەھائەدین داوا لە پارتی و گۆڕان دەكات ھەڵمەتی راگەیاندن رابگرن

K24 - ھەولێر

ئەمنیداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی شەڕی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێك بڵاودەكاتەوە و داوا لە هەردوولا دەكات ئەو هەڵمەتە رابگرن، هەروەها داواش لە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات "فەرمانی وەستاندنی ئەم شاڵاوە ناوەختە بدەن و، نەهێڵن (راگەیاندن) و (دادگا) بەكاربهێنرێن بۆ جەنگی دەروونی و سووكایەتی و تەشهیر بە پیرۆزییەكانی یەكدی".

لەم پەیامەیدا سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێ، جێگای سەرسامی و داخە لەم مانگی عیبادەت و ئاشتی و خواناسییەدا، لەناكاو هەڵمەتێكی پەلاماردانی سەروەری و سوكایەتی بە بەڕێزەكانی یەكتر لە راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەڵیدایەوە، كە نە دۆخەكە دەیخوازێ و نە میزاج و حاڵەتی نەفسی هاوڵاتیان و جەماوەری كوردستان تەحەمولی دەكات و، نە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكە..

هەروەها سەڵاحەدین بەهادین داواشی کردووە راگەیاندنی هەردوولا رەحم بە هەستی گەل بكەن و، ئەم هەڵمەتە راگرن و، رێگە لە هەوڵی لایەن و كەسە خێرخواز و كۆششە ئاشتیخوازەكان نەگرن و بهێڵن قسەیەكی خێر سەربگرێ.