ئێران باڵیۆزی خۆی له عێراق ده‌گۆڕێت
K24 - هه‌ولێر:
سه‌عید خه‌تیبزاده، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند، تاران باڵیۆزی خۆی له عێراق ده‌گۆڕێت و له شوێنی ئه‌و "حوسێن ئال سادق" وه‌ك باڵیۆزی نوێ له به‌غدا ده‌ستبه‌كارده‌بێت.
ئاژانسی هه‌واڵی ئێرانی "ئێرنا" بڵاویكرده‌وه، ئێران به‌نیازه حوسێن ئال سادق وه‌ك باڵیۆزی نوێی وڵاته‌كه‌ی له عێراق ده‌ستنیشان بكات، كه ده‌بێته جێگره‌وه‌ی ئیرەج مەسجدی، كه ماوه‌ی 5 ساڵه باڵیۆزی ئێرانه له به‌غدا.
خه‌تیبزاده له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به باڵیۆزی نوێی وڵاته‌كه‌ی كرد، كه بڕیاره له به‌غدا ده‌ستبه‌كاربێت، به‌ڵام واده‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه.
ئیرەج مەسجدی، بۆ ماوه‌ی 35 ساڵ ئه‌فسه‌ری سوپای پاسداران بووه، یه‌كێكه له ئه‌فسه‌ره باڵاكانی له شه‌ڕی عێراق ئێران، دواتر بووه‌ته راوێژكاری قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، له نیسان/ ئه‌پرێلی 2017ـه‌وه وه‌ك باڵیۆزی ئێران له عێراق ده‌ستبه‌كاربووه.