دووباره ئۆدیسا ئاماده‌یه بۆ جه‌نگ
K24- هه‌ولێر:
رووسیا له ساڵی 1944 ئۆدیسای له ژێر چنگی نازییه‌كانی هیتله‌ر له میانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م ده‌رهێنا، له دوای 78 ساڵدا دووباره ئۆدیسا ده‌كه‌وێته‌وه به‌ر هێرشی سوپای رووسه‌كان، ئه‌و شاره هاواری وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بیپارێزن.
ئۆدیسا گه‌وره‌ترین شاری ئۆكرانییه، ده‌كه‌وێته سه‌ر لێواره‌كانی ده‌ریای ره‌ش، خه‌ڵكی ئه‌و شاره به زمانه‌كانی رووسی و ئۆكرانی قسه ده‌كه‌ن، پڕییه‌تی له زانكۆی مه‌زن و به‌ناوبانگ، دوای كیێڤ و خاركێڤ، سێیه‌م گه‌وره شاری ئۆكرانیایه.
ژماره‌ی دانیشتوانی ئۆدیسا پتر له یه‌ك ملیۆن كه‌سن، به پایته‌ختی گه‌شتیاری ئۆكرانیا ئه‌ژمار ده‌كرێت، چوار كه‌ناراوی ده‌ریای تێدایه، جیا له شانۆی ئۆپێرا، بازاڕی گه‌وره و به‌ناوبانگی تێدایه، 750 كیلۆمه‌تریش له كیێڤه‌وه دووره.
ئۆدیسا به مه‌رسوومێكی ئیمپراتۆرییه‌تی رووسه‌كان له ساڵی 1794 له دوای شكانی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان له شه‌ریان به‌رامبه‌ر سۆڤییه‌تییه‌كان دامه‌زرا.
له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، ئۆدیسا له دوای مۆسكۆ، سانتبیترسبۆرگ و وارشۆ، گه‌وره‌ترین و گرنگترین شار بوو، له رووی ئه‌ندازه‌ییه‌وه له رووسه‌كانه‌وه نزیكن، هه‌ندێك دیمه‌نی ئۆدیسا له ستایلی ئیتاڵییه‌كان و فه‌ره‌نسییه‌كانه‌وه ده‌چێت.
به‌ر له 78 ساڵ رووسه‌كان ئۆدیسایان له ژێر چنگی نازییه‌كان له‌كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌م رزگاركرد، ئێستا رووسه‌كان خۆیان ده‌یانه‌وێت هێرشی بكه‌نه سه‌ر و خه‌ڵكی ئه‌و شاره داوا له وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كه‌ن بگه‌ن به هاوارییان.
شاره‌داری ئۆدیسا له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ئۆدیسا بووه‌ته شووره‌ی ئۆكرانیا، چونكه رووسه‌كان له 3 به‌ره‌وه ده‌یانه‌وێت هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌و شاره، جیا له سنووری ده‌ریای ره‌ش. ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی دیمه‌نی ئۆدیسا ببینێت، هه‌ست ده‌كات بۆ جه‌نگ ئاماده‌یه".
به گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئه‌ڵمانه نازییه‌كان له ساڵی 1944 نه‌یانتوانی بچنه ناو ئۆدیسا، كاتێك 3 مانگ شه‌ڕیان له پێناوی كرد و رووسه‌كان پاراستیان، ئۆكرانییه‌كان ده‌ڵێن، "رووسه‌كانیش هاوشێوه‌ی نازییه‌كان چاویان به ئۆدیسا ناكه‌وێت".
ڤلادیسلاڤ ڤیتكۆ، پسپۆری بواری سه‌ربازی رایگه‌یاند، كه‌وتنی ئۆدیسا ئێجگار قورسه، چونكه زۆربه‌ی سنووره‌كانی ئه‌و شاره له ده‌ریای ره‌ش پێكهاتووه، تا ئێستا ئۆكرانییه‌كان 3 كه‌شتی جه‌نگیان تێكشكاندووه.