لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ: ئەو مانگە بۆ داعش ئازاربەخش بوو

"ئۆپەراسیۆنە کاریگەرەکان لە رێگەی فرۆکە و گرتنەبەری پرەنسیپی سەربازی بەردەوامن"
یه‌حیا ره‌سوڵ، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق
یه‌حیا ره‌سوڵ، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وردەکاریی گورزێکی سەختی بۆ سه‌ر دەیان چەکداری داعشی لە پارێزگای نەینەوا ئاشكرا ده‌كات، هاوکات ئاماژەی بە لەناوبردنی تەواوی دەوڵەتی بە ناو دیجلەی له‌ باشووری مووسڵ کرده‌وه‌.

لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان  رایگه‌یاند، ئەوەی لە عێراق ماوە، پاشماوەی چەتەکانی داعشە، لە ناوچە بیابانییەکان جێگیرن، کە ناوچەی فراوانن بە دۆڵ و سروشتێکی سەختی جوگرافیی ناسراون.

یه‌حیا ره‌سوڵ راشیگه‌یاند، بۆ راوه‌دوونانی ئەو  گروپە تیرۆریستیانە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن، ئۆپەراسیۆنێکی بەھێزی دەزگای دژەتیرۆر بۆ ویلایەتی بەناو دیجلە لە باشووری مووسڵ ئەنجامدرا و بە تەواوەتی لەناو بران. ئەوەشی گوت: "ئەو مانگە بۆ داعش ئازاربەخش بوو، چونكه‌ زیاتر لە  43 ئەندامییان کوژران و کەلوپەل و چەکەکانیان دەستی بەسەردا گیرا"

هه‌روه‌ها گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی به‌وەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکان لە رێگەی فڕۆکە و گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازییه‌وه‌ بەردەوامن.