چاڤی هێرناندێز باسی ریال مه‌درید و رۆناڵد كومان ده‌كات

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا جەنگی مانەوە لە خانەی دووەمی لالیگا دەکات و سبه‌ی رووبەڕووی ریال مایۆرکا دەبێتەوە کە ئەم یانەیە مەترسی دابەزینی بۆ خولی پلەدووەکان لەسەرە، چاڤی بەر لە یارییەکە پیرۆزبایی لە ریال مەدرید دەکات بە بردنەوەی ناسناوی ئەم وەرزەی لالیگا.

بارسێلۆنا بە هیوای گەڕانەوە بۆ رێچکەی سەرکەوتنەکان دوایین ئامادەکاری کرد، دوای سێ دۆڕانی لەسەریەک لە یاریگای خۆی کە پێشتر هەرگیز رووینەداوە، سبه‌ی لە گەڕی سی و چوارەمینی لالیگا میوانداریی ریال مایۆرکا دەکات.

پێنج گەڕ بەر لە تەواوبوونی ئەم وەرزە بارسێلۆنا لە پێناو خانەی دووەم دەجەنگێت و ٦٣ خاڵی کۆکردووەتەوە، بارسا لەم یارییە لە تواناکانی حەوت یاریزانی بێبەش دەبێت، هەریەکە لە ئۆسکار مینگوێزا و مارتن برایسوەیت تووشی کۆرۆنا بوونە، سێرجی رۆبێرتۆ و پێدری و سێرجینۆ دێست و نیکۆ گۆنزالێزیش پێکانیان هەیە، عوسمان دێمبلێش بەشداریی دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی نەکرد و بەهۆی هەوکردنی گەرووی ناتوانێت ئەم یارییە بکات، هاوکات پیکێ بەشداری مەشقە بە کۆمەڵەکانی نەکرد و لە هۆڵی وەرزشی راهێنانی کردووە، بەڵام ئانسۆ فاتی و ساموێل ئۆمتیتۆ لە پێکان رزگاریان بووە و لەم یارییە ئامادەن خزمەتی بارسێلۆنا بکەن.

چاڤی پیرۆزبایی له‌ ریال مه‌درید ده‌كات

ئانسۆ فاتی لەم یارییە ئامادە دەبێت و رەنگە بۆ چەند خولەکێک بەشداری بکات، ئەو یاریزانێکی نایاب و جیاوازە، پێویستە یاریزانێکی زۆر گرنگ بێت لە بارسا، دی یۆنگ یاریزانێکی زۆر باشە و ئەو یاریزانێکی گرنگە بۆ ئێستا و داهاتوو، قسەم لەسەر ریال مەدرید نییە ئەگەر ناسناوەکەیان بردەوە پیرۆزباییان لێدەکەم.

لە بارەی ئاداما تراورێ و وەرزی داهاتوو، چاڤی گوتی: نامەوێت قسە لەسەر وەرزی داهاتوو بکەم، ئاماداما زۆر هاوکاری ئێمە بووە هەرچەندە زۆر بەشداری نەکردووە، ئەو کاتێک دەچێتە یاریگا هەموو شتێک دەکات.

چاڤی وه‌ڵامی رۆناڵد كومان ده‌داته‌وه‌

چاڤی لەسەر لێدوانەکانی کۆمانی راهێنەری پێشوو قسە دەکات و دەڵێت رێزی زۆرم بۆ کۆمان هەیە و پێویستە سوپاسی بکەین، پێویستە سوپاسی کۆمان بکەین بەهۆی ئەو خزمەتەی پێشکەشی بارسای کردووە، ئەو هاندەر و ئەفسانەی ئەم یانەیە، پێویستە ئێستا هەموومان بۆ سەرخستنی بارسێلۆنا یەکگرتوو بین، رێزی زۆرمان بۆ کۆمان هەیە و لە کاتێکی قوڕس راهێنەرایەتی وەرگرت.

بارسێلۆنا لە کاتێکدا ئەم یارییە بەرامبەر ریال مایۆرکا دەکات لە دواین هەشت یاریی بەرامبەر ئەم یانەیە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە نێوانیاندا لە شەشیان پارێزگاری لە خاوێنی گۆڵەکەی کردووە، مایۆرکاش دۆخی خراپە و مەترسی دابەزینی لەسەرە کە ئەم یانەیە لە دواین هەشت یاریی لە لالیگا لە دەرەوەی یاریگای خۆی دۆڕاوە.