مۆسكۆ: مووشه‌كه ناووكییه‌كانمان به 200 چركه پاریس خاپوور ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی یه‌كی رووسی، مۆسكۆ خاوه‌نی مووشه‌كێكه ته‌نیا له‌ماوه‌ی 200 چركه پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا ته‌خت و وێران ده‌كات.
رۆژنامه‌ی لیبراسیۆنی فه‌ره‌نسی له‌باره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه رووسییه رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی ده‌رباره‌ی پرسی وێرانكردنی پاریس به 200 چركه قسه‌یانكردووه په‌رله‌مانتاری رووسین دژی ئه‌و لایه‌نانه‌ن كه پشتگیری له ئۆكرانییه‌كان ده‌كه‌ن.
ئه‌و رۆژنامه فه‌ره‌نسییه راشیگه‌یاند، ئه‌لیكسی گۆراڤیلیڤ، په‌رله‌مانتاری رووسی له به‌رنامه‌كه‌ی كه‌ناڵی یه‌ك به تووندی له رێگه‌ی هێڵی به‌یانییه‌وه ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌ستنیشانكردوون كه له داهاتوودا له رێگه‌ی مووشه‌كی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی "سارمات" ده‌بنه ئامانجی رووسیا و وێرانیان ده‌كات، له‌وانه‌ش پاریس.
ئه‌م مووشه‌كه ئه‌تۆمییانه له "جیب كالینگراده"ـه‌وه تاوه‌كو پایته‌خته گرنگه‌كانی ئه‌وروپا پێویستی به 106 چركه هه‌یه، به‌ڵام بۆ پاریس 200 چركه و بۆ له‌نده‌نیش 202 چركه‌ی پێویسته.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی یه‌كی رووسی كه هه‌ڵگری گوتاری كرملینه، "له كۆتایی شكسته‌كان ره‌نگه پوتن په‌نا بۆ چه‌كی ئه‌تۆمی ببات، ئه‌و په‌رله‌مانتاره رووسیه گوتی: "هه‌مووان ره‌وانه‌ی دۆزه‌خ ده‌كه‌ین و خۆشمان به‌ره‌و به‌هه‌شت".